نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی یەک ساڵی رابردووی دابەزی

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی، بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 21 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 76 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 25 سەنت دابەزی و بە 72 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخەکانی نەوت ئێستا لە کەمترین ئاستی خۆیاندا لە ماوەی زیاتر لە 12 مانگی رابردوو مامەڵەیان پێودەکرێت.
 
پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا لە راپۆرتی هەفتانەی خۆی ئاشکرای کرد، قەبارەی نەوت و بەنزینی کۆگاکرا لە ئەمریکا لە هەفتەی رابردوو بەرزبووەتەوە.
 
نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووری ئەمریکا، نرخەکانی نەوتی دابەزاندووە بۆ کەمترین ئاستی چەند مانگی رابردووی خۆیان.
 
لەکاتێکدا کە پێشبینی دەکرا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 700 هەزار بەرمیل کەمیکردبێت، بەڵام بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، 176 هەزار بەرمیل زیادیکردووە و ئەوەش گوشاری بۆ نرخەکان دروستکردووە.
 
سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت، بەڵام ئەگەری تەشەنەکردنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەپێی راپۆرتی بانکی ئۆسترالی-نیوزلاندی، ANZ دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
 
دانییەل هاینێس، شرۆڤەکاری بانکی ANZ دەڵێت ئەگەر ئێران بەهۆی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماسەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەگەری پچڕانی گواستنەوەی نەوت دەتوانێت ببێتە پاڵپشت بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.