سامانی مارک زوکەربێرگ 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاند

 
رووداو دیجیتاڵ

مارک زوکەربێرگ، دامەزرێنەری فەیسبووک سەروەت و سەمانەکەی 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاند دوای ئەوەی فیچەرێکی نوێی بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام زیادکرد. دەشڵێت، پلانی هەیە کە لەماوەی ژیانیدا 99%ی پشکەکانی فەیسبووک ببەخشێت.
 
رۆژی چوارشەممە 5ی ئاب، کۆمپانیای فەیسبووک فیچەرێکی بەناوی "Instagram Reels" زیادکرد، کە پێشتر لەلایەن تیکتۆکەوە بەکاردەهات. بڕیاری زیادکردنی فیچەرەکەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا بەنیازە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک دابخات.
 
رۆژی پێنجشەممە 6ی ئاب، پشکەکانی کۆمپانیای فەیسبووک بە رێژەی 6% زیادیانکردووە، زوکەربێرگ کە خاوەنی 13%ی کۆمپانیاکەیە، سەروەت و سامانەکەی بەو هۆیەوە 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
 
ئێستا فەیسبووک هاوشێوەی کۆمپانیاکانی ئەمازۆن، ئەپڵ و گووگڵ چووەتە ریزی ئەو کۆمپانیایانەی کە بەشێوەیەکی گەورە سوودمەند بووە لەو رێکارانەی دژی کۆرۆنا گیراونەتەبەر، چونکە رێکارەکان بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵک زیاتر بەشێوەی ئۆنلاین بازاڕ بکات، سەیری ڤیدیۆ بکات و کاتەکانی بەسەرببات.
 
بەپێی داتاکانی بلوومبێرگ، سەروەتی زوکەربێرگ ئەمساڵ 22 ملیار دۆلار زیادیکردووە، سەروەتی جێف بێزۆس، خاوەنی کۆمپانیای ئەمازۆنیش زیاتر لە 75 ملیار.
 
ئێستا دامەزرێنەری فەیسبووک چووەتە ریزی کەسایەتییە جیهانییەکانی وەکو بیڵ گەیتس، دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت و جێف بێزۆس، دامەزرێنەری ئەمازۆن لەڕووی زۆریی سەروەت و سامان، بەشێوەیەک کە ئێستا ناوی چووەتە نێو "سێنتی بلیۆنێر کڵەب".
تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام کە کۆمپانیای فەیسبووک خاوەندارێتیی دەکات، خزمەتگوزارییەکی نوێی بەناوی "ریڵز" راگەیاندووە بۆ دروستکردن و دۆزینەوەی ڤیدیۆی کورت و سەرنجڕاکێش لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە.
 
خزمەتگوزارییەکە بەکارهێنەرانی بانگهێشت دەکات بۆ دروستکردنی ڤیدیۆ و بەشکردنی لەگەڵ هاوڕێکانیان، بەشێوەیەک کە بەکارهێنەر دەتوانێت ڤیدیۆی 15 چرکەیی تۆماربکات، دەستکاریی بکات و گۆڕانکاریی تێدا بکات، هەروەها دەتوانرێت ڤیدیۆکان خێرا یاخود هێواش بکرێنەوە.
 
بۆ دۆزینەوەی ڤیدیۆکانی ریڵز، بەکارهێنەر دەتوانێت لە بەشی Explorer ڤیدیۆکان ببینێت؛ هاوکات ئەگەر هەژمارەکە گشتی بێت، ئەوکات ڤیدیۆکان دەکرێت لەلایەن ئەو بەکارهێنەرانەوە ببینرێن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە هاوڕێی نین.
 
ئەم خزمەتگوزارییەی ئینستاگرام وەکو هەوڵێک دەبینرێت بۆ دوورخستنەوەی خەڵک لە بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک کە بەشێوەیەکی خێرا بەکارهێنەرانی لە زیادبووندان.