حکومەت بۆ وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ: لیستی مووچەی مانگی پێنج بدەنە دیوانی چاودێریی دارایی

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ دەکات لیستی مووچەی هێزە سەربازییەکان بە ناو و مووچەکانیان بدەنە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان.
 
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ کردووە کە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی مووچەی هێزە سەربازییەکان، لیستی مووچەی مانگی ئایار بەپێی لیستی فەرمی ئامادە بکەن.
 
لە فەرمانەکەدا ناوی هەریەک لە یەکەکانی 70 و 80، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، فەرماندەیی بەرگریی و فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستنی نەوت و گاز هاتووە.
 
ئەنجوومەنی وەزیران فەرمان بەو دامودەزگایانە دەکات بۆ "ئامادەکردن و ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری 2024 بەپێی لیستی فەرمی کە ناوی سیانی، مووچەی بنەڕەتی، تەواوی دەرماڵە و لێبڕینەکانی پێویست لەخۆ بگرێت بۆ هەژمارکردنی مووچەی هەر کارمەندێک و ناردنیان بۆ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، دوای وردبینییان لەلایەن یەکەکانی وردبینی ناوخۆ یان گەنجینەی تایبەتمەند بە هەر دامودەزگایەک، کە پێشووتر بە شێوەی کۆد نێردراوە".
 
هاوکات داوا لە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی هەرێمی کوردستان کراوە "هاوئاهەنگی تەواو و ئاسانکاری پێویست بۆ تیمەکانی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بکرێت، لەکاتی سەردانیان بۆ وردبینی ئەم بابەتە".
 
بڕیارە ئەم شەو شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. 
 
لەو بارەوە ئەمڕۆ هەینی محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "شاندەکەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق ئەمشەو دەگەنە هەرێمی کوردستان و بڕیارە سبەی یان دووسبەی لەگەڵیان کۆببینەوە بۆ وردبینیکردنی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ و هێزە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان."
 
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی چواریان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا مووچەی ئەو مانگەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.