گرانبوونی بەنزین لە کوردستان قەیران لە موسڵ دروستدەکات
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بەهۆی گرانبوونی بەنزین لە هەرێمی کوردستان خەڵکێکی زۆر روو لە نەینەوا دەکەن بۆ کڕینی بەنزین، کە هەرزانە و هەر لیترێکی بە 450 دینارە، ئەمەش قەیرانی بەنزینی لە موسڵ دروستکردووە.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی گرانبوونی بەنزین لە هەرێمی کوردستان خەڵکێکی زۆر روو لە نەینەوا دەکەن بۆ کڕینی بەنزین، کە هەرزانە و هەر لیترێکی بە 450 دینارە؛ بۆیە نۆرەی ئۆتۆمبێلەکان لە بەردەم ژمارەیەکی زۆری بەنزینخانەکان لە شاری موسڵ و چەند ناوچەیەکی دیکەی نەینەوا چەند کیلۆمەترێک درێژ بووەتەوە".
شێروان دووبەردانی گوتیشی: "بەشە بەنزینی پارێزگای نەینەوا رۆژانە یەک ملیۆن و 700 هەزار لیترە؛ لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە زۆرە و دەگاتە 4 ملیۆن کەس، بۆیە نەینەوا بۆ نموونە وەک کەرکووک نییە و لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر قەیرانێکی بەنزین یان گرانبوونی لە هەرێمی کوردستان، قەیرانی بەنزین لە نەینەوا سەرهەڵدەدات".
چەند رۆژێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە؛ ئەوەش ناڕەزایەتی بەشێک لە هاونیشتمانیانی لێکەوتووەتەوە و گلەیی لە حکومەت دەکەن.
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو گرانبوونە؛ نافیز مستەفا، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر؛ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "راستە بەهۆی زیادبوونی نرخی نەوتەوە نرخی بەنزینیش زیاد بووە، بەڵام پێویستە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پاڵپشتییەکی حکومیی ئەو بەنزینە بکات بۆ ئەوەی لە نرخێکی جێگیردا بمێنێتەوە. بۆ نموونە لە بەغداش خۆ نرخی نەوت زیاد بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی حکومەت پاڵپشتیی دەکات، ناهێڵن نرخی بەنزین گران ببێت، لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ئەو پاڵپشتییە نییە، کۆمپانیاکان بە ئارەزووی خۆیان نرخ دیاری دەکەن".