ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق: داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەچێتە سیتی بانک

07-05-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، وەزیری نەوتی عێراق پێی راگەیاندوون بڕوای بە پاساوی تورکیا نییە لە دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، نەوتی بەسرەش ناتوانێت قەرەبووی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. گوتیشی، داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەچێتە نێو هەژمارێک لە سیتی بانک. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-05-2023، لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن کۆبووەوە.
 
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوتوێکردنی رێککەوتنامەی نەوتی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بوو. گوتیشی، وەزیری نەوت روونکردنەوەی دا و رایگەیاند: رێککەوتنەکە هەموو کارێکی تەواوبووە، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە، بۆ پارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەژمارێک لە سیتی بانک (Citibank) دەکرێتەوە و لەژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی دەبێت. 
 
سیتی بانک لە ساڵی 1812 دامەزراوە، بارەگای سەرەکی لە شاری نیویۆرکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەو بانکە 2649 لقی لە 19 وڵات و 723 لقی لە ئەمریکا هەیە. 
 
ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری نەوت گوتی: هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر تورکیا ماوە، تورکیا ئێستا پاساوی ئەوەی هەیە کە بەهۆی بوولەمەرزەکەی ئەم دواییە، بۆریی نەوت زیانی بەرکەتووە و سەرقاڵی چاککردنەوەن، بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی تورکیا دەکەن. 
 
سەباح سوبحی گوتی، وەزیری نەوت باسی ئەوەی کرد کە "نەوتی بەسرە ناتوانێت قەرەبووی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە، تەواوی هەوڵەکانیان لە بەسرە خستووەتەگەڕ و تەنیا 100 هەزار بەرمیل رۆژانەیان زیادکردووە".
 
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز باسی لەوە کرد، بابەتێکی دیکە کە لە کۆبوونەوەکەدا باسکرا، ماددەی 13ـی پڕۆژەیاسای بودجە بوو کە باس لە رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق -سۆمۆ، ئەوانیش جەختیان لەسەر ئەوەکردووە، ئەو بڕگە هەڵەیە و نابێت بنووسرێت "رادەستکردن"، بەڵکو پێویستە بکرێتە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی کۆمپانیای سۆمۆ.
 
لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان کە بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا. 

 

4ـی نیسانى 2023، هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیی عێراق رێککەوتنیان واژۆکرد بۆ ئەوەى هەناردەی نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ)وە دەستپێبکاتەوە، بەڵام تائێستا دەستی پێنەکردووەتەوە. 
 
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی فەرمانگەی وەبەرهێنان و حەواڵە دەرەکییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق کە لەلایەن یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتییەوە لە رۆژی 27-4-2023، بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە "سۆمۆ"کراوە، تێیدا بۆچوونی بانکەکەی لەبارەی رێککەوتننامەی نەوتیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان کردووە.
 
لە نووسراوەکەدا بانکی ناوەندیی عێراق لە وەڵامی نووسراوێکی کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت: "هیچ لارییەکمان نییە لە رازی بوون لەسەر (Citi Bank) بۆ مەبەستی دانانی داهاتەکانی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ رەچاوکردنی پێویستیی راسپاردنی یەکێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وردبینی بۆ وردبینی لەو هەژمارە."
 
هەروەها لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا هاتووە: "لەبارەی ئەو میکانیزمەی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە و لە نووسراوتان لە رۆژی 16ـی نیسانی 2023 بۆ ئێمەتان ناردووە، بانکی ناوەندیی عێراق لایەنی سوودمەند نابێت لە فرۆشراوەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەو لایەنەی سوودمەندە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بەرپرسیارێتیی هەر بژارەیەک دەگرێتە ئەستۆ لە پشتبەستنی بە هەر رێگەیەک بۆ وەرگرتنی ئەو داهاتانە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە