بانکی ناوەندی: لاریمان نییە لە کردنەوەی هەژماری بانکی تایبەت بە نەوتی هەناردەکراوی کوردستان

07-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، رەزامەندیی لەسەر کردنەوەی هەژماری بانکیی تایبەت بە دانانی پارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی تایبەتی بانکی دەربڕی و هەرێمی کوردستانی سەرپشک کردووە لە هەر بژارەیەک بۆ دەستخستنی ئەو داهاتانە.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی فەرمانگەی وەبەرهێنان و حەواڵە دەرەکییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق کە لەلایەن یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتییەوە لە رۆژی 27-4-2023، بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە "سۆمۆ"کراوە، تێیدا بۆچوونی بانکەکەی لەبارەی رێککەوتننامەی نەوتیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان کردووە.
 
لە نووسراوەکەدا بانکی ناوەندیی عێراق لە وەڵامی نووسراوێکی کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت: "هیچ لارییەکمان نییە لە رازی بوون لەسەر (Citi Bank) بۆ مەبەستی دانانی داهاتەکانی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ رەچاوکردنی پێویستیی راسپاردنی یەکێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وردبینی بۆ وردبینی لەو هەژمارە."
 
هەروەها لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا هاتووە: "لەبارەی ئەو میکانیزمەی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە و لە نووسراوتان لە رۆژی 16ـی نیسانی 2023 بۆ ئێمەتان ناردووە، بانکی ناوەندیی عێراق لایەنی سوودمەند نابێت لە فرۆشراوەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەو لایەنەی سوودمەندە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بەرپرسیارێتیی هەر بژارەیەک دەگرێتە ئەستۆ لە پشتبەستنی بە هەر رێگەیەک بۆ وەرگرتنی ئەو داهاتانە."
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کردنەوەی هەژمارە بانکییەکە کە بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەبێت، پارەی هەناردەی نەوتی کوردستانی تێدا دابنرێت بە رووداوی گوت: "ئەو هەژمارە بانکییە دەکرێتەوە، چونکە رێککەوتنی لەسەر کراوە، هەندێک پەرلەمانتاری نزیک لە چەند لایەنێک نایانەوێت ئەو هەژمارە بکرێتەوە، بەڵام کاریگەریی نابێت."
 
(Citi Bank)، بانکێکی ئەمریکییە، لە ساڵی 1812 دامەزراوە و بنکەی سەرەکیی لە شاری نیویۆرکە. بانکەکە دوو هەزار و 649 لقی لە 19 وڵات هەیە، 723یان لەنێو ئەمریکادان، زۆرترین لقەکانی لە مەکسیکە کە ژمارەیان هەزار و 494 لق دەبێت، زیاتر لە 220 هەزار کارمەندی هەیە.
 
لەسەر بڕیاری دەستەی نێوبژیوانی پاریس لە رۆژی 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان کە تاکە دەروازەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە، راگیراوە، بڕیارەکە دوای سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا دێت، ئەو بڕیارە بووە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەشێکی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی سێشەممە، 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کرد، بەڵام تائێستا هەناردەکردنەکە دەستی پێنەکردووەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 30-4-2023، عودەی عەواد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سکاڵای لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی عەلاق، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد. 
 
پەرلەمانتارەکە تانەی لە نووسراوی رەزامەندیی دەربڕینی بانکی ناوەندیی عێراق داوە لەسەر کردنەوەی هەژمارێکی بانکیی تایبەت بە دانانی پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "پێچەوانەی دەستووری عێراقە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.