ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: نرخی نەوت لەوەی ئێستا هەیە، زیاتر دانابەزێت

07-05-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن نەوت بودجەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "پشتبەستنی عێراق بە رێژەی نزیکەی 90٪ بە داهاتە نەوتییەکان کێشەیەکی گەورەیە و دەبێت ساڵانە ئەو رێژەیە دابەزێندرێت." ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەو پەرلەمانەش دەڵێت، "وەزارەتی نەوت نەیویستووە خەمڵاندن بە 70 دۆلار بۆ بەرمیلی نەوت بکرێت".
 
لەسەرەتای ئەم مانگەوە نرخی نەوت لە جیهاندا چەند جارێک بەرزبووەتەوە و دابەزیوە، بەهاکەی لانیکەم 5 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک لەدەستداوە.
 
رۆژی یەکشەممە 7-5-2023، سیپان عەزیز، ئەندامی لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دابەزینی نرخی نەوت کێشە بۆ عێراق دروستدەکات، چونکە نزیکەی 90٪ـی داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت، ئەوەش کاریگەریی گەورە دروست دەکات و تەنانەت مووچەی مووچەخۆرانیش دەخاتە مەترسییەوە؛ بۆیە باشترە عێراق ساڵانە ئەو رێژەی پشتبەستنەی بە داهاتی نەوت هەیەتی، کەمی بکاتەوە".
 
قەبارەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 بە 199 تریلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینار خەمڵێندراوە. بەپێی رەشنووسەکە، داهاتە نەوتییەکان 117 تریلیۆن و 252 ملیار و 500 ملیۆن دینارم، کە رێژەی 87.1٪ـی داهاتەکان پێکدەهێنێت، هەرچی داهاتە نانەوتییەکانە 17 تریلیۆن و 300 ملیار و 419 ملیۆن و 63 هەزار دینارە و رێژەی 12.8٪ـی داهاتەکان پێکدەهێنێت.
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی گشتی عێراق بۆ ئەمساڵ، نرخی بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراو بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە؛ رۆژانە عێراق 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەنێویدا 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانە. بەهای 100 دۆلاری ئەمریکیش بە 130 هەزار دینار دانراوە.
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دیاریکردنی نرخی بەرمیلی نەوت بە بڕی 70 دۆلار لە رەشنووسی بودجەی گشتی عێراقدا بۆ ساڵی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە هەفتەی رابردوو لە میوانداریکردنی وەزیر و بەرپرسانی دیکەی وەزارەتی نەوتدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت؛ وەزارەتی نەوت نەیویستووە بە 70 دۆلار خەمڵاندن بۆ بەرمیلی هەناردەکراوی نەوت بکات، بەڵام دیارە بەهۆی ئەوەی ئەگەر کەمتر دیاری بکرێت ئەوا قەبارەی کورتهێنانی بودجە زیاتر دەبێت، ئەوەش کێشەیە، جگە لەوەش ئێستا بەهای بەرمیلی نەوت بەرزترە لەو 70 دۆلارەی خەمڵێندراوە".
 
سەبارەت بە پێشبینییەکانی داهاتووش بۆ نرخی نەوت، نەرمین مەعرووف گوتی، "بەپێی دۆخی جیهان و نرخی ئێستای نەوت و پێشبینییەکان بۆ ئەمساڵ، نەوت لەو نرخە زیاتر دانەبەزێت، ئەوەش وا دەکات و بۆ ئەمساڵ هیچ مەترسییەک لەسەر کەمکردنەوەی داهاتی نەوت نەبێت، بەڵام بۆ  ساڵی داهاتوو ئەگەری هەیە پێداچوونەوە بە نرخی خەمڵێندراوی بەرمیلی نەوتدا بکرێت".
 
سەرەڕای بەرزبوونەوەی، رۆژی هەینی، بەڵام نرخی نەوت هەفتەیەکی باشی بەڕێنەکرد و لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 5.3٪ دابەزی و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 7.1٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
 
نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساس گەیشتنە نزمترین ئاستیان لە کۆتاییەکانی مانگی ئادارەوە؛ رۆژی سێشەممە 2-5-2023 نرخی هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی 4 دۆلار دابەزی، بەوەش لە دوو رۆژدا نرخی نەوت نزیکەی 6 دۆلار دابەزی، بەڵام دوێنێ شەممە 6-5-2023، دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە ژمارەی هەلی کاری نوێ لە ئەمریکا، نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە بۆ سەرووی 75 دۆلار.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە