دۆلارێکی ئەمریکی 38 لیرەی تێپەڕاند

07-04-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهای لیرەی تورکی دابەزی. یەک دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە 38 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، لە بازاڕی ئازادی ئیستەنبووڵ یەک دۆلاری ئەمریکی بە 38.10 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت. لە هەمان کاتدا یەک یۆرۆ بەرامبەرە بە 41.92 لیرەیە. 
 
سەرەتای کرانەوەی بۆرسە و بازاڕەکانی دراو لە ئیستەنبووڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا، بەهای لیرەی تورکی بۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکی 38.03 لیرە بوو. کاریگەرییەکانی ناسەقامگیریی بازاڕ هۆکارە بۆ داشکانی زیاتری لیرە. دوای دوو کاژێر لە کرانەوەی بازاڕەکان، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 38.10 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت. 
 
هۆکارە سەرەکییەکانی داشکانی لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە: راگەیاندنی رێژەی هەڵاوسانی مانگی نیسان، پێشبینییەکانی بانکی وەبەرهێنانی ئەمریکی مۆرگان ستانلی، ناسەقامگیریی ناوخۆیی تورکیا بەهۆی خۆپیشاندانەکان و بایکۆتەکانی ئۆپۆزسیۆن و سیاسەتی دارایی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە دواترینیان پەیوەندیی بە زیادکردنی پێناسی گومرگی بوو. 
 
پێشتر بانکی ناوەندیی تورکیاش لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵدا پێشبینییەکانی بەهای دۆلار بۆ یەک ساڵ راگەیاند. بەپێی پێشبینییەکانی بانکەکە، لە ماوەی ساڵێکدا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 41.41 لیرەی تورکی دەبێت. 
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2025، بەهۆی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لیرەی تورکی بە شێوەیەکی خێرا و چاوەڕواننەکراو بەهاکەی لەدەستدا. نرخی دۆلارێک بۆ 41 لیرە و یەک یۆرۆ-ش بۆ 45 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. 
 
ئەم هەنگاوە حکومەتی ناچار کرد بۆ گەڕاندنەوەی بەهای لیرە بۆ ئاستی جارانی نزیکەی 30 ملیار دۆلاری خستە بازاڕەکانەوە. هاوکات، بۆرسەی ئیستەنبووڵیش بە رێژەی 6.7٪ دابەزی و زیاتر لە 700 خاڵی لەدەستدا.  
 
لە مانگی ئەیلوولی پارەوە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بییانییەکانی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی قۆناخ بە قۆناخی هەڵاوسانی ئابووری وڵات و جێگیرکردنی سوودی بانکییەوە، لە دابەزیندایە. لیرەی تورکی لە 20 مانگی رابردوودا نزیکەی 16.4٪ی بەهای خۆی لەدەستداوە. 
 
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاری 2023دا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تمەنی ئێرانی.

گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە بەهای تمەنی بەرزکردەوە

ئێران و ئەمریکا گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیان بە ئەرێنی ناوبردووە و ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی تاران داناوە. ماڵپەری نەڤەسانی تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆی ئێران دەڵێت، ئەمرۆ یەک دۆلار بە 83 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.