راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: مەترسی لەسەر مووچە نییە

07-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەوە دڵنیایی دەدات و رایدەگەیێنێت، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە بودجەی 2025دا دابینکراوە و هیچ مەترسیی لەسەر نییە.
 
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی بودجەی 2025دا بە تەواوی دابینکراوە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، تەنانەت دوای دابەزینی نرخی نەوتیش". 
 
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، "حکومەت کاردەکات بۆ پاراستنی مووچەی مانگانە و بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ناکرێت".
 
راوێژکارەکەی سوودانی دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "عێراق لە ساڵانی رابردوودا بە قەیرانگەلێکی زۆردا تێپەڕیوە، کە نرخی نەوت زیاتر لە ئێستا دابەزیوە، بەڵام توانیویەتی مووچە دابین بکات، چونکە مووچە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی کارکردنی حکومەت".
 
ئێستا بەرمیلێک نەوتی برێنت بە نزیکەی 64 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نەوتی قورسی بەسرە بە حەوت دۆلار و سووکەکەشی بە پێنج دۆلار کەمتر مامەڵەیان پێودەکرێت.  نزیکەی 90٪ی داهاتی عێراق لەسەر نەوتە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە