ئۆنسەیەک زێڕ بە 3030 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت

07-04-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، گوشارەکان لەسەر نرخی زێڕ، بووە هۆکار نرخی کانزای زەرد تاوەکو 2970 دۆلار دابەزێت.
 
لە دوای چەند کاژێرێک بەهۆی بەربەست و هێڵی پاڵپشتیی 3000 دۆلار، دووبارە نرخی ئەو کانزا گرانبەهایە رووی لە بەرزبوونەوە کرد و ئاراستەی خۆی گۆڕی و ئێستا بە نزیکەی 3030 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
داڕمانی بازاڕەکانی بۆرسەی جیهان لە هەفتەی رابردوو، بووە هۆکار، وەبەرهێنەر و بازرگانان رووبکەنە فرۆشتنی زێڕی پاشەکەوتکراوی خۆیان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان لە بازاڕە داراییەکانی دیکە.
 
بەشێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە، لە دوای دابەزینی 130 دۆلاری نرخی زێڕ لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، ئێستا نرخی زێڕ لە ئاستێکدایە کە بە گونجاو دەزانرێت بۆ ئەوەی کڕیاری نوێ بدۆزێتەوە.
 
ریچ چێکان، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاری (ئەسێت ستراتێجی) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەو بازرگانانەی بە دوای هەلی کڕینی زێڕدا دەگەڕێن، ئێستا دابەزینی نرخی زێڕ بە دەرفەت دەزانن و لەبەر ئەوەش نرخی زێڕ بە ئەگەری زۆرەوە دووبارە بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات."
 
لەلایەکی دیکەوە، لە رووی جیۆسیاسییەوە، هەلومەرجی ناوچەکە بە چەشنێکە پاڵپشتی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دروستدەکات.
 
رووسیا 30 ناوچەی لە ئۆکراینا بۆردوومان کردووە و بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە ئامادەی وەڵامی هەر جۆرە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلن کە بکرێتە سەریان.
 
مات سیمسۆن، راوێژکارێکی سیتی بانک لەو بارەیەوە رایگەیاند: "سەرەڕای ناجێگیریی نرخی زێڕ لەم رۆژانەدا، بەڵام هێشتا، کانزای زەرد وەک سامانێکی سەلامەت بۆ خۆدوورکردنەوە لە نادڵنیایی و ناڕوونییەکانی بازاڕ دەبینرێت."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە