20ـی مانگ مووچەی مانگی نیسان دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لەماوەی چەند رۆژێکدا مووچەی مانگەکانی شوبات و ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشکرا، بڕیارە لە 20ـی مانگیش، مووچەی مانگی نیسان دابەش بکرێت. هەروەها پلەبەرزکردنەوەش دەستیپێکردووە و سەرەتا فەرمانبەرانی بانک دەگرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئەمڕۆ لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیکەوتووە، لە 20 تاوەکو 22ـی ئەم مانگە، مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان بەغدا و هەولێردا کراوە.
دەست بە بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران کراوە
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیستێکی فەرمانبەرانی بۆ بەغدا ناردووە کە تایبەتە بە پلەبەرزکردنەوە.
لە ساڵی 2015ـەوە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە کە دوای بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش سەریهەڵدا، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا. رووداو زانیویەتی، ئەو لیستەی رەوانەی بەغدا کراوە، پلەبەرزکردنەوەی لە ساڵی 2015ـەوە تێدایە تاوەکو ئەم ساڵ.
لە مانگی ئادارەوە پلەی فەرمانبەرانی بانک بەرزدەکرێتەوە
لە نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان کە لە 04-04-2024 دەرچووە، هاتووە "لەسەر راسپاردەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئاگادارتان دەکەینەوە، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی بانکەکان بەپێی یاسا و رێنمایی بۆیان دیاری بکرێت، واتا لە 01-05-2024ـەوە شایستەی چ پلەیەکن بۆیان خەرج بکرێت، بە مەرجێک رەچاوی مۆڵەتی بێمووچە و سزا بکرێت."
بەپێی رێنماییەکە کە مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان واژۆی کردووە، بەپێی یاسا پلە بەرزکردنەوە لە ساڵی 2015ـەوە دەبێتە بنەما، هەروەها ئەو فەرمانبەرانی پلەکانیان لە خوار (6) بووە، پاش ئەوەی بڕوانامەی ماستەر یاخود دکتۆرایان بەدەستهێناوە، لە رێککەوتی وەرگرتنی بڕوانامەکانیان یەکسەر مووچەکانیان دەگۆڕێت، ماستەر دەبێتە 374 هەزار و دکتۆرا 429 هەزار.
هەر لە رێنماییەکەدا هاتووە، ئەوانەی ناونیشانیان شارەزا/بەڕێوەبەری پێشکەوتوو، تەنیا سەرمووچەیان پێدەدرێت و لە خشتەکەدا دەبێت هاوتا بکرێت، واتا لەپێش 2015 ئەو ناونیشانەیان هەبێت.
پلە بەرزکردنەوە:
ناوەندی
پلەبەرزکردنەوەی رادەگیرێت لە 825 هەزار
تەنیا سەرمووچەی بۆ دەبەسترێت و لە 893 هەزار رادەوەستێت
سەرەتایی
پلەبەرزکردنەوەی رادەگیرێت لە 589 هەزار
تەنیا سەرمووچەی بۆ دەبەسترێت و لە 700 هەزار رادەوەستێت
بێ بڕوانامە
پلەبەرزکردنەوەی رادەگیرێت لە 489 هەزار
تەنیا سەرمووچەی بۆ دەبەسترێت و لە 589 هەزار رادەوەستێت
بەکالۆریۆس، پەیمانگە و ئامادەیی
تەنیا سەرمووچەی بۆ دەبەسترێت و لە یەک ملیۆن و 110 هەزار رادەوەستێت
دەرماڵەی خواردن بۆ زێرەڤانی، یەکەی پاسەوانی و پۆلیسی نەوت و گاز
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە مانگی داهاتووەوە دەرماڵەی خواردن بۆ پێشمەرگەکانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەبەسترێت، کە 125 هەزار دینارە بۆ هەر مانگێک، هەروەها ئەم بڕیارە یەکەی پاسەوانیش دەگرێتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دەرماڵەی خواردن بۆ پۆلیسی نەوت و گازیش خەرج دەکرێت، کە بۆ هەر پۆلیسێک 75 هەزار دینارە.
وەزارەتی دارایی عێراق: رژدین لەسەر گەرەنتیکردنی مووچەی مانگەکانی داهاتوو
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 7ـی نیسانی 2024) بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، "جەخت لە رژدبوونمان لەسەر گەرەنتیکردنی مافە داراییەکانی سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەینەوە، ئەوەش لە رێگەی خەرجکردن و دابینکردنی مووچەی مانگەکانی داهاتووی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت؛ هەروەها پارەی هیچ وەزارەتێک بۆ وەزارەتێکی دیکەش خەرج ناکرێت."
نێچیرڤان بارزانی: بەغدا و هەولێر لە پەیوەندییەکی بەردەوامن کە مووچە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەکردنی پرسی مووچە و چەند کێشەیەکی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، رۆژی شەممە گەیشتە بەغدا و، ئەمڕۆش هەر لە بەغداوە گوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بەشێکن لە مووچەخۆرانی عێراق، بۆیە دەبێت بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە لەلایەن هەردوو حکومەتەوە، هەنگاوی باش نراون.
نێچیرڤان بارزانی، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە بەغدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی کۆبوونەوەکانی دوێنی شەممە رایگەیاند، "کۆبوونەوەی باشمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەرۆکوەزیران و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەبوو."
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، دۆخی بەغدا، پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا بەشێک لەو تەوەرانە بوون گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی بەڵێندەران و زیادکردنی باج و رسوومات.