17 جۆر خورما لە پێنج وڵاتەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

براندێکی نوێی خورما هێنراوەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق. کۆمپانیایەکی تایبەت حەوت تۆن خورمای لە 27 جۆری جیاوازی ئیماراتی و سعودی هێناوەتە هەولێر و دەیەوێت بازرگانی هاوردەکردنی خورما فراواتر بکات.
 
د. حسێن ئەحمەد، بازرگانی خورمایە لە هەولێر و بە رووداوی گوت: "یەکێک لەو جۆرە خورمایانەی کە هێناومانە خورمای عەجوەیە کە جۆرێکی پیرۆزە لای مسوڵمانان و لە شاری مەدینەوە هاوردە دەکرێت، ئەوانەی دیکەش خوزەیری، خولاس، وەنان و مەجولمانمان هەیە کە ئەمانە جۆری سادەن، جۆریکی دیکەشمان هەیە پێی دەڵێن مەحشی، ئەویش زۆر جۆرمان هەیە".
 
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لە حەوت جۆر خورمای عێراقی، 17 جۆر خورمای هاوردەکراو هەیە کە لە وڵاتەکانی ئێران، سعودیە، ئیمارات، عومان و فەڵەستین-ەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان. 
 
خورما ئێرانییەکان بازاڕی هەرێمی کوردستانیان کۆنتڕۆڵکردوە و زۆرینەی هاونیشتمانیان بەهۆی گونجاوی نرخیان ئەو خورمایانە دەکڕن.
 
بەرهەم رەشید، فرۆشیاری خورمایە لە بازاڕی سلێمانی و باس لەوە دەکات: "خورما شلەکان خواستیان زۆر لەسەرە، جۆری بەربەڕ و مەکتوممان هەیە کە ئێرانین و کیلۆی بە پێنج هەزار دینارە، هەروەها جۆری بەرهەشمان هەیە کە نرخەکەی حەوت هەزار دینارە، دوو جۆریشمان هەیە کە گرانە، خورمانی عەجوەمان هەیە نرخی کیلۆیەکی بە 20 هەزار دینارە و فەلەستینیشمان هەیە هەر کیلۆیەکی بە 16 هەزار".
 
هەرچەندە حکومەتی عێراق هاوردەکردنی خورمای قەدەخەکردووە، لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، بەڵام بەپێی گوتەی سەندیکای عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی لە مانگی پێش رەمەزاندا لە دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەرانەوە رۆژانە 100 بۆ 150 تۆن خورما هاتووەتە هەرێمی کوردستان و بۆ هەر بارهەڵگرێکیش حەوت هەزار دۆلار وەرگیراوە بۆ داخڵکردنیان. 
 
حاجی سەروەر عەتا، گوتەبێژی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئەگەر هاوردە نەکرێت نرخەکەی زۆر گرانتر دەبێت کە ئەوەش هەر لەسەر هاونیشتمانیان گران دەبێت، ئەم کارتۆنە خورما ئێرانییە 12 پاکەتی تێدایە، پێشتر بە 19 هەزار بوو ئێستا بووە بە 23 هەزار".
 
زیاتر لە ئەندامانی 30 ئەندامی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان، لە مانگی رەمەزان خورما هاوردە دەکەن و لە بازاڕەکان ساخ دەکرێتەوە.
 
شیخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان باسی لەوە کرد: "لە عێراقیشدا خورمایەکی زۆر هەیە، لە باشووری عێراق خورمای ئەرشەسی و بریمەریان هەیە کە ئەوانەش دێنە هەرێمی کوردستان، بەڵام خورمای عێراقی تەنیا 25٪ـی خواستی ئێمە پڕ دەکاتەوە".
 
بەهۆی ئاسان داخڵکردنی خورما لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، 40٪ـی ئەو خورمایەی دێتە هەرێمی کوردستان لەڕێی عەلوەکانەوە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێت.