دابەشکردنی مووچەی لیوای پیادە راگیرا
رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی مووچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێکردووە، بەڵام مووچەی بەشێکیان راگیرا. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، راگرتنی مووچەکە بە بڕیاری وەزارەتی دارایی بووە.
پێنجشەممە، 07-03-2024، دابەشکردنی مووچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێکردووە، بەڵام مووچەی لیوای پیادە دابەش ناکرێت و بە بڕیارێکی وەزارەتی دارایی، بەشێوەیەکی کاتیی راگیراوە.
لیوای پیادە، سەر بە یەکەی حەفتای پێشمەرگەیە و تازە خراوەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. بەپێی زانیارییەکان، راگرتنی مووچەکەیان بۆ نوێکردنەوەی لیستی مووچەی لیواکەیە.
دابەشکردنی مووچەی لیوا هاوبەشەکان دوای ئەوە هات کە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەمریکا مانگانە 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە تەرخان دەکات. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو پارەیە بەتەنیا بەشی مووچەی هەموو لیوا هاوبەشەکان ناکات، کە ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە 28 لیوای هاوبەش.