نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی زێڕ ئەمڕۆ درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی دا و ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد، کە یەکەمجارە لە مێژوودا پێی دەگات.
 
یەک ئۆنسە زێڕ کاژێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 7-3-2024) بەکاتی هەولێر، بەرزبووەوە بۆ 2161 دۆلار کە بە بەرزترین نرخی زێڕ هەژمار دەکرێت لە مێژوودا. دوای چەند خولەکێک لەو ئاستە نوێیە، نرخی زێڕ گەڕایەوە نزیکەی 2155 دۆلار.
 
چاوەڕوانیی بازرگانان بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکەکە، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی رایگەیاند "ئەمساڵ دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکەن."
 
سوودی بانکی لە ئەمریکا ئێستا 5.5٪ ـە و کەمکردنەوەی ئەو رێژەیە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر زێڕ. 
 
لەلایەکی دیکەوە؛ کێشە و ئاڵۆزییە جیۆسیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان پێیانوابێت پاشەکشەی گەورە لە نرخی زێڕ روونادات و، لە درێژخایەندا نرخەکان لە ئاستێکی بەرزدا دەمێننەوە.
 
نیگەرانییەکان لە رەوشی ئابووریی چین، هەروەها بووەتە هۆکارێکی دیکە کە خواست لەسەر کڕینی زێڕ بەتایبەتی لە نێوخۆی ئەو وڵاتەدا وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان بەرزبێتەوە، کە ئەوەش پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
 
هاریش مەنگانی، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی (ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گوتاری جیرۆم پاوڵ لە دووەمین رۆژی ئامادەبوونی لە کۆنگرێس لە رۆژی پێنجشەممە و داتاکانی بازاڕی کاری ئەمریکا، دەتوانن گۆڕانکاریی گەورە لە نرخی زێڕ دروستبکەن."
 
بەپێی هارێش مەنگانی "دوو ئاستی گەورە وەک پاڵپشتی بۆ زێڕ کاردەکەن، یەکێکیان ئاستی 2100 دۆلارە و ئەوەی دیکەش 2064."
 
ئەو شارەزایە پێیوایە "دابەزینی نرخی زێڕ بەڕادەیەکی بەرچاو پەیوەستە بەوەی تاوەکو چەند نرخی زێڕ دەتوانێت ئەو دوو ئاستە بشکێنێت و ئاراستەی بەرەوە دابەزین بگۆڕێت."
 
چەندین شرۆڤەکار و بانکی بەناوبانگ تەنانەت پێشبینییان کردبوو نرخی زێڕ دەتوانێت تاوەکو 2200 دۆلار و 2300 دۆلاریش بەرزببێتەوە، ئەگەر بە کردەیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستی بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات.
 
ئێستا بەپێی راپرسییەکان، بەرێژەی 70٪ چانسی ئەوە هەیە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە سوودی بانکی دابەزێنێت.