رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بەرزکردنەوەی بەهای دینار بۆ 130 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار بڕیارێکی ناچاریی حکومەتی عێراقە، چونکە شڵەژانی بازاڕەکان مەترسیی گەورەی ناڕەزایی جەماوەریی دروستکردبوو، بەڵام مەرج نییە نرخی دۆلار لە بازاڕدا داببەزێت بۆ 130 هەزار دینار.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: "بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دینار بڕیارێکی ناچاریی بوو چ لەلایەن بانکی ناوەندی و چ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە".
بە گوتەی جەمال کۆچەر، ئەگەر نرخی دۆلار کۆنترۆڵ نەکرایە ئەوا ناڕەزایی جەماوەریی لێدەکەوتەوە و گوتی: "شڵەژانی بازاڕەکان بەهۆی هەڵکشانی نرخی دۆلارەوە هاووڵاتییانی عێراقی تووڕە و نیگەران کردووە و دەسەڵاتدارانی عێراق ترسیان هەیە لە تەقینەوەی ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییە".
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە، 07-02-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بەشێوەیەک 100 دۆلار دەبێتە 130 هەزار دینار.
پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق یەک دۆلاری بە 1180 دینار دەفرۆشت، بەڵام لە 19ـی کانوونی یەکەمی 2020، بەهای دیناری عێراقی دابەزاند و یەک دۆلاری کردە 1450 دینار، بەوپێیەش بەهای دراوی نیشتمانی بە رێژەی 23٪ دابەزی.
لەبارەی نرخە نوێیەکەی دۆلار، جەمال کۆچەر دەڵێت: "مەرج نییە بەو نرخە بگاتە دەستی هاووڵاتییان، چونکە پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق نرخی فەرمیی دۆلاری بە 1460 دینار بۆ هەر دۆلارێک دەستنیشان کردبوو، بەڵام لە بازاڕدا نرخەکەی گەیشتە 1800 دینار، چونکە بازاڕی عێراق وەک پێویست کۆنترۆڵ ناکرێت و ئێستاش پێناچێت بەهای دۆلار لە بازاڕەکاندا بۆ 1300 دینار دابەزێت و 100 دۆلار ببێتە 130 هەزار دینار".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ