ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: 100 دۆلار دەبێتە 130 هەزار

07-02-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق دابەزاندنی بەهای دۆلاری بەرامبەر دیناری عێراق بۆ 130 هەزار دینار پەسندکرد. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە 07-02-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، بەوەی دەستکاری نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بەشێوەیەک 100 دۆلار دەبێتە 130 هەزار دینار. 
 
پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق یەک دۆلاری بە 1180 دینار دەفرۆشت، بەڵام لە 19ی کانوونی یەکەمی 2020، بەهای دیناری عێراقی دابەزاند و یەک دۆلاری کردە 1450 دینار، بەوپێیەش بەهای دراوی نیشتمانی بە رێژەی 23٪ دابەزی. 
 
سەنا موسەوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پاراستنی کۆمەڵایەتی رۆژی 06-02-2023 لە تویتێکدا رایگەیاند: "نرخی دۆلار بەرامبەر دینار دادەبەزێنرێت، ئەمەش بەپێی ئەو پێشنیازەی کە بانکی ناوەندی عێراق لە کاژێرەکانی داهاتوودا پێشکێشی سەرۆکوەزیرانی دەکات." 
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژی 06-02-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراق، ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی دەستکاریکردنی نرخی فەرمیی دۆلار رادەستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات." 
 
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دەستکاریکردنی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دینار رۆژی 06-02-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمە هەنگاوێکی سیاسییە و چەند مانگێکە خراوەتەڕوو. بەهۆی ئەو پەرەسندنانە کە روویانداوە و ئەو دۆخە داراییە باشەی عێراق، لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیەکی ئەرێنییە، بەڵام ئەمە بژارەیە و بۆ لێکتێگەیشتن بەجێدەهڵێدرێت." 
 
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "وەک دەزانن نرخی فرۆشتنی دۆلار لەنێوان حکومەت و بانکی ناوەندییدایە. حکومەت دراوی بیانی دەهێنێت و تەنیا لە داهاتی نەوت دراوی بیانی دەستدەکەوێت. خاڵی دووەم، ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر بودجە هەیە. پێم وایە لە بودجەی ساڵی 2023دا بۆمان روون دەبێتەوە، نرخی راستەقینەی دۆلار بەرامبەر دینار چەندە و دەوڵەت بە چ ئاراستەیەکە؟" 
 
د. مەزهەر محەممەد ساڵح دەڵێت: "پێویستە 100 دۆلار بکرێتە 135 هەزار دینار و دەشکرێت بەو جۆرە بێت، بەڵام بەو مەرجەی بارگرانی لەسەر دارایی گشتی دروستنەکات. ئەمە خاڵێکە چونکە وەزارەتی دارایی دۆلار بە نرخێکی هەرزانتر دەفرۆشێت لە بەرامبەر ئەوەی دینار بەهادار بێت. داهاتیش کەم دەبێتەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی کورتهێنان. بۆیە ئەمە دەبێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. جێگەی گفتوگۆی لایەنە پەیوەندارەکانە لە سیاسەتی نەختینەیی و سیاسەتی دارایی دا." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.