حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیتوانی لە ساڵی 2023 مووچەیەکی دیکە دابەش بکات؟

07-01-2024
محەممەد شێخ فاتیح بە داتا روونی دەکاتەوە
محەممەد شێخ فاتیح بە داتا روونی دەکاتەوە
نیشانەکردن مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیتوانی بە داهاتی نێوخۆ لە ساڵی 2023 مووچەیەکی دیکە بداتە مووچەخۆرانی؟ ئەمە، ئەو پرسیارەیە کە ماوەیەکی زۆرە باڵکێشە و هەندێکجار وەک گومان دەخرێتەڕوو، لە دێسکی ئابووریی رووداو، بە داتا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە.
 
وەزارەتی دارایی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023ـدا روونکردەوەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵی 2023 ئەوان 10 مووچەیان دابەشکردووە، کە نۆیان مووچەی ساڵی 2023 بوون، لەگەڵ مووچەیەکی مانگی 12ـی ساڵی 2022.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی ئەو 10 مانگە 4.2 تریلیۆن دیناری لە بەغداوە وەرگرتووە، کە 3.7 تریلیۆنی قەرز بووە و 598 ملیار دیناریشی وەک شایستەی دارایی مانگی حوزەیران هەژمار کراوە، بەشەکەی دیکەی لە داهاتی نێوخۆ پڕکراوەتەوە، کە بڕەکەی دوو تریلیۆن دینار بووە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستیی بە 913 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە، بەڵام هەموو ئەو بودجەیەی لە بەغداوە دێت 6.3 تریلیۆن دینارە، واتە مانگانە 500 ملیار دینار دەکات، بۆیە ئەگەر بەگوێرەی خەرجیی کرداریی بێت، لەبری 16.4 تریلیۆن دینار،  6.3 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان دێت، ئەوەش مانای وایە، پێنج تریلیۆن دینار کورتهێنان دروست دەبێت، کە دەکاتە مووچەی شەش مانگ، چونکە هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا 11 تریلیۆن دیناری پێویستە.
 
وەزارەتی دارایی، مانگانە 320 ملیار دینار داهات لە گومرگ، باج، کارەبا، هاتووچۆ، بەڕێوبەرایەتییەکانی تۆماری خانووبەرە و داهاتەکانی نێوخۆ کۆدەکاتەوە، کە ئەو بڕە هەمووی کاش نییە، بەڵکو بەشێکی بریتییە لە ئەمانەت و چەک و قەرز، واتە پوختەی کاش، داهاتی نێوخۆ 170-200 ملیار دینارە.
 
بەشێکی دیکەی داهاتی نێوخۆ بۆ خەرجیی بەکارخستن دەڕوات کە دوو تریلیۆن دینارە، 
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت "ئەگەر لە 100٪ داهاتی نێوخۆ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکەین هێشتا بەتەواوی ناتوانرێت مووچەی پێ دابەش بکەین، بۆیە هەندێک مانگ ناچاربووین داهاتی ناوخۆی دوو مانگ بۆ کورتهێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین کە کورتهێنانەکە نزیکەی 340 ملیار دینار بووە." بۆیە بەپێی ئەو داتایانە وەڵامی پرسیارەکە "نەخێر"ـە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە