بانکێکی عێراق: لە رێگەی هەژماری منەوە قەرز دەدەینە فەرمانبەرانی کوردستان

07-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ئەهلیی عێراق رایگەیاند، پەیوەندی بە دەستپێشخەریی (هەژماری من)ەوە کردووە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچە لە رێگەی بانکەکانەوە رایگەیاندووە. بانکەکە دەشڵێت، چەندین ئاسانکاری لە چوارچێوەی "هەژماری من" پێشکێش بە فەرمانبەرانی کوردستان دەکات، لەنێویاندا پێدانی قەرز.
 
رۆژی یەکشەممە 07-01-2024، بانکی ئەهلیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "پەیوەندیمان بە هەژماری منەوە کردووە، کە تایبەتە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەری کوردستان لە رێگەی بانکەوە، لەو رێیەشەوە قەرز و ئاسانکاریی بانکییان پێدەدرێت."
 
بانکی ئەهلیی عێراق باسی لەوەش کردووە، "پێدانی مووچە لەڕێگەی بانکەوە یەکێکە لە میکانیزمە ئاسایش و گونجاوەکان بۆ پێدانی مووچە و فەراهەمکردنی ئاسانکاریی دارایی بۆیان."
 
بانکەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، هەڵبژاردنی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو متمانەیە دەگەڕێتەوە کە حکومەت بە بانکەکەیان هەیەتی لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی بانکیی گرنگەوە.
 
تاوەکو ئێستا لە پرۆسەی "هەژماری من،" پێنج بانک پەیوەندییان کردووە، بەپێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆسەکە کار دەکات بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی بانکی بە فەرمانبەرانی کوردستان.
 
سەبارەت بەو ئاسانکاری و خزمەتگوزارییانەشی پێشکێشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دەکات، بانکەکە دەڵێت، "خزمەتگوزارییەکانی قەرز و هەژماری زەنگین و هەژماری تەوفیر، جگە لە ئەپڵیکەیشنێکی بانکی، کە هەموو خزمەتگوزارییەکانی تێدایە."
 
بانکی ئەهلیی عێراقی خاوەنی دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلار سەرمایەیە و زیاتر لە 200 هەزار کەس خزمەتگوزارییان تێیدا هەیە، هەزار فەرمانبەری لە 27 لق هەیە و خاوەنی 200 ئامێری راکێشانی پارە"ATM"ـە.
 
شوباتی ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ـی راگەیاند. بەپێی حکومەت، "بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)ـەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە