رووداوەکانی کازاخستان نرخی نەوت و یۆرانیۆم بەرزدەکەنەوە

07-01-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نائارامییەکانی کازاخستان کاریگەریی گەورەیان لەسەر بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەتی بازاڕی نەوت و یۆرانیۆم دانا. ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی دەنگیز، کە گەورەترین کێڵگەی نەوتی ئەو وڵاتەیە دابەزیوە.
 
کۆمپانیای شێڤرۆن کە ئۆپەرەیتۆری ئەو کێڵگەیە رایگەیاندوو، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگە بەهۆی لەکارکەوتنی هەندێک لە هێڵەکانی شەمەندەفەری نزیک لە کێڵگەکە کەمبووەتەوە دوای ئەوەی هەندێک لە کرێکاران و کارمەندانی هێڵەکە بۆ پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەکان ژمارەیەک لەو هێڵانەیان داخستووە.
 
رۆژی پێنجشەممە نرخەکانی نەوت بەهۆی رووداوەکانی کازاخستان یەک دۆلار بەرزبوونەوە و ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوتی برێنت 52 سەنتی دیکە بەرزبووەوە و گەیشتە 82 دۆلار و 62 سەنت.
 
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 70 سەنت بەرزبووە و هەر بەرمیل بە 80 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. کازاخستان دابینکارێکی گەورەی بازاڕی نەوتە و رۆژانە یەک ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت. لە چەند مانگی رابردووشدا بەردەوام ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی جێگیر بووە.
 
کێڵگەی گەورەی تەنگیز بە تەنیا رۆژانە 700 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. کۆمپانیای شێڤرۆنی ئۆپەرەیتۆری کێڵگەکە ئاشکرای نەکردووە کە بە چ رێژەیەک ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کیڵگەیە دابەزیوە و رایگەیاندووە، دامەزراوەکانی هەناردەکردنی نەوت و گواستنەوەی نەوت بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە نەیانتوانیوە بە باشی کار بکەن.
 
کازاخستان ئەو وڵاتەیە کە گرینگترین کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهان تێیدا کار دەکەن، لەنێویشیاندا کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، شێڤرۆن، کۆمپانیای ئێنی ئیتاڵی، کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجیی فەرەنسی و کۆمپانیای لوک ئۆیلی رووسی و کۆمپانیای شێلی بەریتانی - هۆڵەندی.
 
گوتەبێژێکی کۆمپانیای شێل رایگەیاند، کارەکانی کۆمپانیاکە لە دوو کێڵگەی کاراچاناک و کاشاگان کە کێڵگەی ناو دەریان، بە ئاسایی بەڕێوەدەچن. کۆمپانیای شێل دەڵێت، بە وردی چاودێریی رەوشەکە دەکەن و ئامانجیانە کارەکانیان و کارمەندانیان بپارێزن.
 
بازاڕێکی دیکەی گرینگی جیهانی کە بەهۆی رووداوەکانی کازاخستان گۆڕانکاریی خێرای بەسەردا هاتووە، بازاڕی یۆرانیۆمە.
 
40%ی هەموو بەرهەمی کانزای یۆرانیۆم لە جیهاندا کە لە وێستگەکانی ئەتۆمی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردێت، لە کازاخستانەوە بەرهەمدێت. لەدوای رووداوەکانی کازاخستان نرخی ئەو کانزایە بە رێژەی 8% بەرزبووەتەوە.
 
بەر لە رووداوەکانی ئەم هەفتەیە، نرخی یەک پاوەند (نزیکەی 450 گرام) یۆرانیۆم بە 42 دۆلار بوو، بەڵام نرخەکەی ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 45 دۆلار و 40 سەنت، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی یۆرانیۆم بۆ کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو کانزایە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ تێکچوونی پرۆسەی بازرگانیکردنی ئەو کانزایە دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی دوای پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و هەڵوەشاندنەوەی گەشتی بازرگانانی ئەو بوارە بۆ کازاخستان و هەروەها کێشە لۆجستییەکان کە دوای رووداوی لەو چەشنە روودەدەن.
 
کۆمپانیای کازائەتۆم پرۆم بەرهەمهێنەری سەرەکیی یۆرانیۆمە لە کازاخستان و بەهای پشکەکانی دوای خۆپێشاندان و نائارامییەکانی کازاخستان بە رێژەی 10% دابەزیوە.
 
بەهۆی زیاتر لە دوو هێندە بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی لە کازاخستان، لە رۆژی چوارشەممەوە خۆپێشاندانی تووند لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت. خۆپێشاندەران کە هەندێکیان چەکدارن، چەندین بینای حکومی و دامەزراوەی وەکو فڕۆکەخانە و شوێنە گشتییەکانیان کۆنترۆڵکردووە.
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپێشاندانەکان حکومەتی کازاخستان داوای لە هێزەکانی رووسیا کردووە کە دەستتێوەردان بکەن. رووداوەکانی کازاخستان کاردانەوەی نێودەوڵەتیی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.