یەدەگی عێراق بۆ 54 ملیار دۆلار دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراقی راگەیاندووە یەدەگی عێراق لە بانکی ناوەندی بۆ 54 ملیار دۆلار دابەزیوە.
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لەبارەی بڕی یەدەگی بانکی ناوەندی عێراق پرسیاری لە پارێزگاری بانکی ناوەندی کردووە و ئەویش پێیڕاگەیاندووە، قەواڵەی یەدەگی بانکی ناوەندی عێراق ئێستا 54 ملیارە دۆلارە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، مانگی شەشی ساڵی رابردوو، یەدەگی بانکی ناوەندی عێراق زیاتر لە 60 ملیار دۆلار بووە، بەڵام بەهۆی قەرزکردنی حکومەتەوە ئەو یەدەگە بەم شێوەیە دابەزیوە.
لەسەر داواکاری حکومەتەکەی مستەفا کازمی، ساڵی رابردوو پەرلەمانی عێراق دوو جار یاسای قەرزی پەسندکردووە، یەکەمجار 5 ملیاری قەرزی دەرەکی و 15 تریلیۆن دیناری قەرزی ناوخۆیی. جاری دووەمیش 12 تریلیۆن دینارە بووە، کە حکومەت داوای 41 تریلیۆن دیناری کردبوو.
ساڵی 2014، یەدەگی بانکی ناوەندی عێراق 80 ملیار دۆلار بووە.
قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق لە 2013 بۆ 8 مانگی سەرەتای 2020 لە 4 ترلیۆن و 56 ملیار دینارەوە زیادیکردووە بۆ 52 ترلیۆن و 240 ملیار دینار.
قەرزکردنەکە بەمشێوەیە بووە:
- لە ساڵی 2013 کۆی گشتیی قەرزی نێوخۆیی عێراق 4 ترلیۆن و 56 ملیار دینار.
- لە ساڵی 2014 کۆی گشتیی قەرزی نێوخۆیی عێراق 8 ترلیۆن و 768 ملیار دینار.
- لە ساڵی 2015 کۆی گشتیی قەرزی نێوخۆیی عێراق 32 ترلیۆن و 143 ملیار دینار
- لە ساڵی 2016 کۆی گشتیی قەرزی نێوخۆیی عێراق 47 ترلیۆن و 362 ملیار دینار
- لە ساڵی 2017 کۆی گشتیی قەرزی نێوخۆیی عێراق 47 ترلیۆن و 679 ملیار دینار
- لە ساڵی 2018 کۆی گشتیی قەرزی نێوخۆیی عێراق 41 ترلیۆن و 823 ملیار دینار
- لە ساڵی 2019 کۆی گشتیی قەرزی نێوخۆیی عێراق 38 ترلیۆن و 332 ملیار دینار
- لە 8 مانگی سەرەتای 2020 کۆی گشتیی قەرزی نێوخۆیی عێراق 52 ترلیۆن و 240 ملیار