کێشەی مووچە؛ بەغدا و هەولێر یەکتر بە قەرزدار دەزانن

06-12-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارەى مووچە کێشەی خستووەتە نێوان بەغدا و هەولێر، هەریەکەیان ئەوى دیکەیان قەرزدار دەکەن. حکومەتى فیدڕاڵى رەتیدەکاتەوە، کە پشکى هەرێمى کوردستان پارەى تێدا مابێت بۆ ئەوەى تەواوى پارەى مووچە بنێرن، لەکاتێکدا حکومەتى هەرێمى کوردستان پێیوایە دەرفەتى گواستنەوەى هەیە لە پشکەکەیان لە بودجەى 2024 بۆ ئەوەى بخرێتە سەر مووچە.
 
"هیچ دەروازە و شوێنک نییە تاوەکو گواستنەوەی تێدا بکرێت." محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەو قسەیە لە پەرلەمان دەرگاى بە رووى زیادکردنى مووچەى هەرێمى کوردستان داخست کە بۆ ئەو سێ مانگەى ماوە دابەش بکرێت. لە کاتێکدا زیاتر لە 600 ملیار دینار کورتهێنانى دەبێت.
 
لە 11 مانگى رابردوودا وەزارەتى دارایی فیدراڵى 7 تریلیۆن و 660 ملیار دینارى بۆ مووچەى 10 مانگى هەرێمى کوردستان ناردووە، لە کاتێکدا مانگانە هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر لە 998 ملیار دینارە بە پارەى هاوتاى مووچەى خانەنشینانیشەوە، بەوپێیە لە 10 مانگى رابردوودا هەرێمى کوردستان پێویستى بە 9 تریلیۆن و 980 میار دینار بووە. 
 
کورتهێنانى مووچە بە گوێرەى ئەوەى بەغدا ناردوویەتى لەو ماوەیەدا، دوو تریلیۆن و 320 ملیار دینار بووە.
 
بۆ مانگەکانى 10 و 11 و 12ی ئەم ساڵ، وەزارەتى دارایی فیدراڵ بۆ هەر مانگێکى 760 ملیار دینارى بۆ مووچەى هەرێمى کوردستان داناوە و تاوەکو ئێستا یەک گوژمەى ناردووە.
 
بە گوێرەى خشتەى بودجەى 2024ى عێراق، تێکڕاى پشکى هەرێمى کوردستان بە هەردوو بودجەى بەکاربردن و وەبەرهێنان 20 تریلیۆن و 920 ملیار دینارە، بڕى ئەو پارەیەى بۆ مووچەى هەرێمى کوردستان تەرخان کراوە 9 تریلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن دینارە.
 
بە ناردنى دوو گوژمەى دیکەى 760 ملیار دینارى بۆ مانگەکانى 11 و 12 کە بڕیارە بەغدا بینێرێت، تێکڕاى ئەو پارەیەى بەغدا بۆ مووچەى هەرێمى کوردستان لە ئەم ساڵ ناردوویەتی، دەگاتە 9 تریلیۆن و 180 ملیار دینار، بۆ ساڵەکە تێکڕا کورتهێنانى مووچە دوو تریلیۆن و 580 ملیار دینارە. 
 
لە بەرامبەر بانگەشەى بەغدا بۆ ئەوەى کە پارە نەماوە بینێرن، هەرێمى کوردستان گواستنەوەى پارە بە رێگە چارە دەزانێت بۆ ئەوەى ئەو کورتهێنانەى پێ پڕبکرێتەوە کە  لە پارەى مووچە دروست بووە.
 
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکى بەرپرسى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەستى کەوتووە، داوا کراوە نزیکەى 500 ملیار دینارى پشکى هەرێمى کوردستان بگوێزرێتەوە بۆ سەر مووچە، بەڵام وەزارەتى دارایی فیدراڵى رەزامەندى نەداوە.
 
خشتەى بودجەى 2024ى  عێراق پشکى بودجەى بەکاربردنى هەرێمى کوردستانى بە 14.8 تریلیۆن دینار دیاری کردووە، 9.5 تریلیۆن دینارى بۆ  مووچە و ئەوى دیکەى کە دەمێنێتەوە وەک خەرجى بەکاربردنە کە زیاتر لە 5 تریلیۆن دینارە، هەولێر داواى دەکرد گواستنەوەى پارە بۆ سەر مووچە لەوەوە بکرێت بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانەکە.
 
هەرێمى کوردستان لەوەدا حکومەتى فیدراڵى بە قەرزدار دەزانێت کە  جگە لە خەرجیى بەکاربردن، هیچ بڕە پارەیەکى لە بودجەى وەبەرهێنان بۆ نەناردووە کە بڕەکەى بۆ ئەم ساڵ زیاتر لە 4.9 تریلیۆن دینارە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "یەکلاکردنەوەى ئەوەى کە هەولێر و بەغدا کامیان قەرزدارى کامیانن، لە رێگەى ژمێرەى کۆتایی خەرجکردنى بودجە دەبێت کە کامیان پارەیان لەلاى کامیان ماوە."
 
جەمال کۆچەر گوتیشى: "دەبێت ساڵانە وەزارەتى دارایی فیدراڵ ژمێرەى کۆتایی خەرجکردنى بودجە لە عێراق بنێرێت بۆ پەرلەمان، بەڵام لە 2014 ەوە نەنێردراوە".   
 
بە گوێرەى خشتەى بودجەى 2024، بڕى یەک تریلیۆن و 116 ملیار دینار دیاریکراوە وەک قەرزى پێشوو کە دەبێت هەرێمى کوردستان بیداتەوە، ئەوەش کراوەتە یەکێک لە پاساوەکان لەلایەن بەغدا لەبەرئەوە پشکى پارەى مووچەى نەماوە. 
    
ئەوە لەکاتێکدایە لە ماوەى 11 مانگى رابردوودا، بە پێنج گوژمە وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کردستان بڕى 399 ملیار و 268 ملیۆن و 970 هەزار دنیارى وەک داهاتى ناوخۆ رادەستى وەزارەتى دارایی فیدراڵ کردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە