رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بەشێک لە خەرجییەکانی دامەزراوەکانی حکومەت رادەگرن و سیستمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستانیش ناسراو بە "KFMS"، لە پێنجشەممەوە رادەگیرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6-12-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رێنمایی ژمارە 13ـی ساڵی 2023ـی بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە راگرتنی بەشێک لە خەرجییەکانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، "بەهۆی نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵی 2023 و بەمەبەستی دیاریکردنی هەلی گونجاو بۆ یەکە ژمێریارییەکانی بەستراو و نەبەستراو بە وەزارەتەکان، بەمەبەستی پاکتاوکردنی ژمێریارییەکان و گەیاندنیان بۆ وەزارەتمان لەکاتی دیاریکراو بڕیاردرا بە راگرتنی بەشێک لە خەرجییەکان."
ئەو خەرجییانەی وەزارەتی دارایی رایاندەگرێت، وەکو لە راگەیێندراوەکە باسی کردووە ئەمانەن: "راگرتنی سیستمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان ناسراو بە"KFMS" لە رۆژی 7-12-2023ـەوە تاوەکو کردنەوەی خەرجی لە ساڵی دارایی 2024، راگرتنی گشتیی خەرجییەکان لە 10-12-2023 بۆ ساڵی دارایی 2023 بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی ژمێرەکان جگە لە خەرجییەکانی مووچە و پێشینەی خەرجکراوی مانگانە و کرێی مانگانە و خاوێنکردنەوە و خواردن."
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە کاتی دەرچوونی ئەم رێنوێنییەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی کانوونی یەکەمە، هیچ داواکارییەکی خەرجییان ئاراستە نەکرێت.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا لەبارەی ئەو نووسراوانەی رەزامەندیی خەرجیی وەزارەتیان هەیە و رۆژی دەرکردنیان دەکەوێتە پێش 11-12-2023، وەزارەتی دارایی دەڵێت، بۆیان جێبەجێ دەکرێت، ئەو نووسراوانەشی لە سیستمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان تۆمارکراون و کاریان لەسەر نەکراوە، لە ساڵی نوێ کاری لەسەر دەکرێت.
سەبارەت بە ژمێرەی کۆتایی، وەزارەتەکە دەڵێت، لە 2-1-2024ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو 31-1-2024.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ