رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ دەستکراوە بە دابەشکردنی دەیەم بەشەخۆراکی ئەمساڵی هاونیشتمانیان، کە دەبێتە دوایین بەشەخۆراکی ئەم ساڵ. دەشڵێت، تائێستا هیچ شتێکی فەرمی نییە بۆ زیادکردنی ماددەکانی بەشەخۆراکی مانگانە.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی پارێزگای هەولێر لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی ئەیلوول کۆتایی هاتووە و ئەمڕۆ دەستکراوە بە دابەشکردنی دەیەم بەشەخۆراکی ئەمساڵ، کە دەبێتە دوایین بەشەخۆراکی ئەمساڵ.
لەبارەی دابەشکردنی دوو بەشەخۆراکەکەی دیکە، دلێر عەبدولواحید گوتی: "ساڵی رابردووش هەر 10 بەشەخۆراک و ئارد دابەشکرا، چونکە ئەو بودجەیەی بۆ کڕینی بەشەخۆراک تەرخانکراوە بەشی 10 مانگ دەکات."
لە سنووری پارێزگای هەولێر 30 بنکەی دابەشکردنی خۆراک هەیە و نزیکەی یەک ملیۆن و 960 هەزار کەس سوودمەند دەبن و مانگانە لە دوو هەزار و 82 بریکاری دابەشکردنی خۆراک و هەزار و 259 بریکاری دابەشکردنی ئارد بەشەخۆراک و ئارد وەردەگرن.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستن و چاپکردنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، لە سنووری پارێزگاکەدا 488 هەزار و 967 خێزان زانیارییەکانیان نێردراوە بۆ بەغدا بۆ پسووڵەی ئەلیکترۆنی خۆراکیان بۆ دروستبکرێت، دلێر عەبدولواحید گوتی، "تائێستا هیچ شتێکی نوێ نییە لەبارەی پسوولەی ئەلیکترۆنییەوە."
رۆژی شەممە، 29-10-2022، سهرۆكوەزیرانی عێراق لهگهڵ وهزیری بازرگانیی عێراق كۆبووهوە. لە کۆبوونەوەکەدا پلانی وهزارهت سهبارهت مادده خۆراكییهكانی نێو فۆرمی خۆراک و بهرنامهی وهزارهت له بواری ئاسایشی خۆراك باسكران.
لوما موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک بە رووداوی گوت: "سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایکردووە ماددە خۆراکییەکانی بەشەخۆراکی مانگانە باشتر بکرێن، بەڵام ئەوە پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە تاوەکو پارەی پێویست دابین بکرێت."
دلێر عەبدولواحید دەڵیت، تائێستا هیچ شتێکی فەرمییان بەدەست نەگەیشتووە بۆ زیادکردنی جۆری ماددەکانی خۆراک، ئەوەی هەیە تەنیا دەنگۆیە.
لەبارەی پشکنین بۆ جۆر و کوالێتیی خۆراکەکان، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی پارێزگای هەولێر دەشڵێت، ئەو خۆراکانەی دێت، بێجگە لەوەی لە تاقیگەی ناوەندی بەغدا پشکنینی بۆ دەکرێت، ئێمەش لە تاقیگەی هەولێر پشکنینی بۆ دەکەین و پاشان دەدرێتە بریکارەکانی خۆراک بۆ دابەشکردن.
یەکێک لەو گرفتانەی بەردەوام هاونیشتمانیان باسی دەکەن و چەند جارێک پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کردووە، پارەی بەشەخۆراکی مانگانەیە لەلایەن بریکارەکانەوە، بەشێک لە هاونیشتمانیان دەڵین: بریکارەکان زیاتر لەو پارەیە وەردەگرن کە دیاریکراوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی پارێزگای هەولێر، ئەو پارەیەی بریکارەکان لەبەرامبەر دابەشکردنی خۆراک وەری دەگرن، دەبێت 500 دینار وەربگرن، هەر بریکارێک لە 500 زیاتر وەربگرێت، هاونیشتمانیان سکاڵا تۆمار بکەن، بریکارەکە سزا دەدرێت.
لەبارەی کۆگەکانی خۆراکی پارێزگای هەولێر، ئاماژەی بەوەکرد کە لە سنووری پارێزگای هەولێر 23 کۆگەیان هەیە کە 15 کۆگەیان لەناو هەولێر، 8 کۆگەش لە دەرەوەی هەولێرە و هەریەکەیان توانای کۆگەکردنی هەزار تۆن خۆراکی هەیە.
بڕ و جۆری دەیەم بەشەخۆراک بۆ هەر تاکێک بەمشێوەیەیە:
- رۆنی شل یەك لیتر.
- دۆشاوی تەماتە، (500 گرام).
- شەکر یەك كیلۆ گرام.
- نیسک (500 گرام).
- برنج سێ كیلۆگرام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ