نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە

06-12-2022
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی رۆژی رابردوو دانانی نرخێکی دیاریکراو لەسەر نەوتی دەریایی رووسیا لەلایەن کۆمەڵەی وڵاتانی G7ـەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمڕۆ نرخی نەوت بەرزبووەوە. ئەوەش سەرەڕای گەمارۆی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر هاوردەکردنی نەوتی خاوی رووسیا دێت.
 
نرخی نەوتی برێنت 66 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 83 دۆلار و 34 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 70 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 77 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
درەنگانی دوێنێ دووشەممە، نرخی نەوت زیاتر لە 3%ـی نرخەکەی لەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی داتاکانی سێکتەری خزمەتگوزارییەکانی ئەمریکا نیگەرانییەکانیان بەرزکردەوە کە رەنگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لەسەر زیادکردنی نرخی سوودی بانکی.
 
دانانی نرخێکی دیاریکراو لەسەر نەوتی دەریایی رووسیا لەلایەن کۆمەڵەی وڵاتانی G7ـەوە لە کاتێکدایە کە رۆژئاوا هەوڵدەدات توانای مۆسکۆ بۆ دابینکردنی دارایی بۆ شەڕەکەی لە ئۆکرانیا سنووردار بکات، بەڵام رووسیا رایگەیاندووە کە پابەند نابێت بەو رێوشوێنەی رۆژئاوا، تەنانەت ئەگەر ناچاریش بێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە.
 
هەفتەی رابردوو کۆمەڵەی وڵاتانی G7 رێککەوتن نرخی 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لەسەر نەوتی بە بۆریی هەناردەکراوی رووسیا لە رێگەی دەریاوە دابنێن.
 
لە هەمانکاتدا، رۆژی یەکشەممە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کۆبووەوە و بڕیاری دا پابەند بێت بە ئاستی ئێستای بەرهەمهێنانی گرووپەکە کە لە مانگی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
 
فاکتەرێکی دیکەی سەرەکی کە کاریگەریی لەسەر ئاستی خواست لەسەر نەوت هەبووە، سیاسەتی بنبڕکردنی کۆرۆنایە لە چین، بەڵام پێدەچێت ئەو سیاسەتە ئێستا کەمێک سووککرابێت، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی چەند شارێکی ئەو وڵاتە، لە نێویاندا پەکین و شانگهای، رێکارەکان بە رادەی جیاواز سووککران، ئەوەش گەشبینی بە بووژانەوەی خواستی چین لەسەر نەوت دروستکردووە، کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا و رۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت هاوردە دەکات.
 
لەماوەی ئەمساڵدا و بەهۆی رێکارەکانی دژی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، کەرتی بازرگانی و بەرهەمهێنانی چینی دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان گورزی کوشندەی بەرکەوتووە.
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1772 دۆلار بەرزبووەوە
 
رۆژی سێشەممە، 6-12-2022 بەهۆی دابەزینی نرخی دۆلارەوە، نرخی زێڕ زیاتر لە سێ دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1772 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارەکان، لە مانگی ئەیلوولدا چالاکیی خزمەتگوزارییە پیشەسازییەکان لە ئەمریکا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرزبوونەتەوە، ئەوەش هاوشان لەگەڵ زیادبوونی هەلی کار و خەرجیی خێزانەکان، مەترسیی زیادکردنی بەردەوامی نرخی سوودی بانکی بە رێژەیەکی بەرچاو دروستکردووە.
 
سووککردنی رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆش لە چین هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە کە ئەو وڵاتە کڕیارێکی گەورەی ئەو کاڵا ستراتیژییەیە.
 
بازرگانان چاوەڕوانی بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە رۆژی 13ـی ئەم مانگە بڵاوبکرێتەوە، چونکە ئامارەکە کاریگەریی لەسەر بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ زیادکردنی رێژەی نرخی سوودی بانکی دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی زێڕ بەرزبووەوە و گەیشتە 1808 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەوەش بەرزترین ئاستە لەدوای رۆژی 10ـی مانگی ئاب و، بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی، نرخەکەی 0.2٪ بەرزبووەتەوە، نرخی ئۆنسەیەکیش بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو گەیشتە 1812 دۆلار و 60 سەنت. 
 
نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
 
100 دۆلار بەرامبەرە بە 149 هەزار و 650 دیناری عێراقی
 
یۆرۆ - دۆلار 1.04 EUR/USD
 
پاوەند - دۆلار 1.21 GBP/USD
 
دۆلار - لیرە 18.64 USD/TRY
 
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 36 هەزار و 320 تمەن USD/IRR
 
یەک دۆلاری ئەمریکی: 63.17 روبڵی رووسی
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی دەڵێت وەستانی هەناردەی نەوت بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، 20 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.