بۆ یەکەمجار لە مێژووی دراوە دیجیتاڵییەکان؛ بیتکۆین 75 هەزار دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهۆی گرەوی بازرگانان لەسەر بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، بەهای بیتکۆین بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و نزیکبووەوە لە بەرزترین ئاستە مێژووییەکانی.
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە بەهای یەک بیتکۆین بەرزبووەوە بۆ 75 هەزار و 60 دۆلار کە بەرزترین ئاستییەتی لە مێژووی دراوە دیجیتاڵییەکاندا.
گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، بەپێی بازرگانان رێگە خۆش دەکات بۆ بە یاسایی کردنی مامەڵەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان.
ماتیو دیپ، بەڕێوەبەری بەشی وەبەرهێنان لە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئاسترۆنۆت کاپیتاڵ) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "سەرکەوتنی ترەمپ دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ گۆڕانی هەڵسوکەوت و مامەڵەی کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕ و پشکەکانی ئەمریکا کە دەسەڵاتی دانانی یاساو رێسای بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکایە."
دیپ پێیوایە، گۆڕینی ئاراستەی کۆمیسیۆنەکە دەتوانێت دراوە دیجیتاڵییەکان لە چەقبەستوویی رزگار بکات.
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، "بردنەوەی دیموکراتەکان وەک ئەوە وایە کە تابووت بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان دروستبکەی."
ئیسەر، دووەم دراوی دیجیتاڵی باو هەروەها نرخەکەی بەڕێژەی 7.5٪ بەرزبووەوە و یەک ئیسەر بە 2593 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.