رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی ئابووری دەڵێت، داهاتی نەوتی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بە جۆرێک داهاتی مانگی رابردوو تەنیا بەشی مووچەی فەرمانبەران و فۆرمی خۆراک دەکات.
عێراق پابەند کراوە رۆژانە هەناردەکردنی 100 هەزار بەرمیل نەوت کەم بکاتەوە. نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری رۆژی یەکشەممە، 06-10-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عێراق لەماوەکانی رابردوودا پابەندی ئەو بەشە نەبووە، کە ئۆپێک پلەس لەڕووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوە بۆی دیاریکردووە.
مەرسوومی کە مامۆستای زانکۆی مەعقەلە لە بەسرە دەڵێت، بەهۆی گوشارەکانەوە، هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە مانگی ئەیلولی رابردوودا بۆ 3.310 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە. بەراورد بە مانگێک پێشووتر، رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت کەمیکردووە.
بەگوتەی مەرسوومی، هۆکاری پابەندنەبوونی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە "دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، ئەوەش لەسەر عێراق هەژمار دەکرێت. ئەو بڕە نەوتەی تێپەڕاندووە کە بۆ عێراق دیاریکراوە."
داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا 8.490 ملیار دۆلار بووە، بەڵام مەرسوومی دەڵێت لە مانگی ئەیلوول بۆ 7.110 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە. بەگوتەی ئەو، پارەکە تەنیا بەشی مووچە و فۆرمی خۆراک دەکات، چونکە یەک ملیاری بۆ گەڕەکانی گرێبەستەکانی نەوت دەڕوات. ئەوە دەمێنێتەوە نزیکەی 8 تریلیۆن دینارە کە 7.5 تریلیۆنی بۆ مووچەیە و ئەوەی دیکە بۆ فۆرمی خۆراکە.
مەرسوومی باس لەوەش دەکات، پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق مانگانە چوار ملیۆن بەرمیل بووە، ئێستا بۆ سێ ملیۆن و 870 هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە. هەناردەکردنیش بووەتە 3.310، هەروەک پاڵاوتن و بەکاربردنی نێوخۆیی بۆ کەمتر لە 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەبێت کەم بێتەوە.
رۆژی 02-01-2024، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2023ـدا، عێراق ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار و 126 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی راپۆرتەکە، لەو ساڵەدا، عێراق بە تێكڕا مانگانە 102 ملیۆن و 680 هەزار و 843 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، ئەوەش بە تێكڕا دەکاتە سێ ملیۆن و 422 هەزار بەرمیل نەوت.
وەک وەزارەتەکە دەڵێت، هەناردەی نەوت بەراورد بە 2022، ئەم ساڵ 5.36٪ زیادیکردووە.
هەرچەندە هەناردەی نەوت لە 2023ـدا زیادبووە، بەڵام وەک وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، لەو ساڵەدا داهاتەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە.
بەپێی راپۆرتەکە، داهاتی هەناردەی نەوت لە 2023ـدا گەیشتووەتە 87 ملیار و 612 ملیۆن و 295 هەزار و 178 دۆلار، کە لەسەر ئاستی مانگانە بە تێكڕا دەکاتە حەوت ملیار و 301 ملیۆن و 24 هەزار دۆلار، لەسەر ئاستی رۆژانەش دەکاتە 240 ملیۆن و 33 هەزار و 685 دۆلار.
لە ساڵی 2022ـدا عێراق بە کۆی گشتی 115 ملیار دۆلاری لە هەناردەی نەوت دەستکەوتووە؛ بەم پێیە، لە ساڵی 2023ـدا بەراورد بە ساڵی 2022، داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق 31.79٪ دابەزیوە.
هاوکات کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەڵێت، لە ساڵی رابردوودا، تێكڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی عێراق 78 دۆلار و 31 سەنت بووە، ئەوەش 3.09٪ زیاترە وەک لە 2022 کە لەو ساڵەدا تێكڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراق 75 دۆلار و 97 سەنت بووە.
وەزارەتی نەوت دەشڵێت، کۆمپانیا نەوتییەکانی هیندستان و چین گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراق بوون لە 2023ـدا، دوای ئەوانیش کۆمپانیا ئەمریکییەکانن.
بەپێی راپۆرتەکە، نزیکەی 70٪ـی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی کەنداوەوە دەچێتە ئاسیا، بەتایبەتیش هیندستان و چین. 30٪ـیەکەی دیکەش، لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی ئەوروپا و ئەمریکا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ