ژووری بازرگانیی دهۆک: بڕیارێکی گومرگی عێراق گرفتی بۆ بازرگانانمان دروست کردووە


رووداو دیجیتاڵ

گومرگی عێراق دەڵێت، ئەو بازرگانانەی کاڵا هاوردە دەکەن، دەبێت لە 72 کاژێردا کاڵاکان بگەیێننە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک دەڵێت، ''لەوە زیاتر بخایێنێت، بەڵگەنامەی کاڵاکان پەسند ناکەن''.  
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 06-10-2024، جەمیل شوکری، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک لەبارەی بڕیارێکی نوێی دەستەی گشتیی گومرگی فیدراڵی کە سەر بە وەزارەتی دارایی عێراقە، بە هونەر رەشید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''لە 1ـی تشرینی یەکەمەوە نووسراوێک لەلایەن دەستەکەوە دەرکراوە و دەڵێت، ئەو کاڵایەی هاوردە دەکرێت و دەنێردرێتە شارەکانی دیکەی عێراق، دەبێ تەنیا لە 72 کاژێردا لە بازگەکانی عێراق دەرباز بکرێت''. 
 
جەمیل شوکری گوتی، ''ئەگەر لەو 72 کاژێرەدا نەتوانرا کاڵاکە بگەیێندرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵگەنامەکەی هەڵدەوەشێندرێتەوە و ئیدی لە عێراق کاری پێناکرێت".
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک گوتی، ''بابەتەکە کێشەیەکی گەورە بۆ بازرگانانی ئێمە دروست دەکات، چونکە زۆربەیان خاوەن کۆگان و ژمارەیەکیشیان کاری دابەشکردنی کاڵا دەکەن. ئەوان کاڵاکانیان لە کۆگادا دادەنێن و دواتر بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا دابەشیان دەکەن''.
 
شوکری جەمیل ئاماژەی بەوە کرد، ''72 کاژێر بۆ بازرگانانی ئێمە زۆر کەمە'' و گوتیشی، ''ئەو بڕیارەی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق گوشارێکە بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان''. 
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک نیگەرانیی خۆی لە دانانی بازگە لەنێوان پارێزگاکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دانا و گوتی، "بێگومان ئەوە رێگریکردنێکی گەورەیە بۆ کاری بازرگانی کە زەرەرمەندی سەرەکیش عێراقە''.