سەرۆکی پەیمانگەی عێراق بۆ وزە: هەناردەی نەوت دەستپێناکاتەوە و تورکیا گوشار دەخاتە سەر عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەیمانگەی عێراق بۆ وزە بە دووری دەبینێت هەفتەی داهاتوو هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و هێشتا کۆمەڵێک کێشە ماون. دەشڵێت، تورکیا ئامادەیی بۆریی نەوتی جەیهان وەکو گوشار بەرامبەر بە عێراق بەکاردەهێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 5.10.2023، یەشار مالیکی، شارەزای ئابووریی و سەرۆکی پەیمانگەی عێراق بۆ وزە میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 21:30ـی رووداو بوو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد و تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک بابەت لەمەڕ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
یەشار مالیکی دەڵێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئێستا ئەگەرێکی دوورە ئەگەر مەحاڵیش نەبێت؛ راگەیێندراوی ئەم دواییەی ئاڵپئارسڵان بایراکتاری وەزیری وزەی تورکیا بەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا ئامادەیە بۆ گوشارخستنەسەر حکومەتی عێراقە تاوەکو بەغدا گۆشەگیر بکات لەڕووی ناکۆکییە دارایی و یاساییەکانەوە.
ئەو شارەزایە گوتیشی، تورکیا لە هەموو لایەک باشتر دەزانێت کە ئێستا عێراق ناتوانێت بە تەواوی توانایەوە بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا بەکاربهێنێت و کێشەی یاسایی و دارایی بۆ عێراق دروستدەکات.
یەشار مالیکی باسی لەوەشکرد، هۆکاری ئەوەی عێراق ناتوانێت نەوتی تەواو لە رێگەی بۆرییەکەوە هەناردەبکات رێککەوتنی هێڵی بۆریی ساڵی 1973یە کە ساڵی 2000 هەموارکرایەوە.
سەرۆکی پەیمانگەی عێراق بۆ وزە دەشڵێت، هێشتا بەغدا لەڕووی بازرگانییەوە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان رێکنەکەوتووە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. کۆمپانیاکانیش ناتوانن بەو پارەیە کاربکەن کە لە بودجەدا بۆیان دیاریکراوە و بەغداش دان بە رێککەوتنی هاوبەشیی بەرهەمدا نانێت کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیایانەدا هەیە.
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا کێشەی زۆر ماون چارەسەر بکرێن؛ کێشەی یاسایی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، چونکە سێ کەیس ئێستا لە دادگە ماون لە نێوان حکومەتی هەردوولا. گوتیشی، لە هەمانکاتدا، ناکۆکیی دارایی هەیە لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانەوە؛ هەر لایەنێک بانگەشەی ئەوە دەکات دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە.
یەشار مالیکی گوتیشی، تورکیا پێیوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزاری کۆمپانیا تورکییەکانە لە بەرامبەر بەکارهێنانی هێڵی بۆریی عێراق - تورکیا، "بۆیە کۆمەڵێک کێشەی تێکئاڵاو لە پرسەکەدا هەن."
ئەو شارەزایە ئاماژە بە قسەیەکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات کە پێشتر رایگەیاندبوو، لە دانوستاندنەکاندا دەیانەوێت کێشە دارایی و یاساییەکان لە کێشە تەکنیکییەکان جیابکەنەوە و پێیوایە، بەگشتی شتێکی باشە، بەڵام لەڕووی واقیعییەوە کردەیی نییە.
سەرۆکی پەیمانگەی عێراق پێشیوایە، تورکیا لە رێگەی کێشە تەکنیکییەکانەوە کاتی خۆی وەرگرت و ئێستا بەسەر عێراقدا زاڵە، چونکە عێراق ناتوانێت بەهۆی رێکارەکانی ئۆپێک پڵەسەوە وەکو پێویست لە رێگەی بۆرییەکەوە نەوت هەناردە بکات و تورکیاش دەڵێت ئامادەیە، ئەوەش بووەتە هۆی باڵادەستیی تورکیا بەسەر عێراقدا.
بەبڕوای ئەو سەرۆکی پەیمانگەیە، هەرچەندە دانوستاندن و کۆبوونەوەکان بەردەوامن، بەڵام نەیانتوانیوە کێشە بنەڕەتییەکان یەکلایی بکەنەوە.
یەشار مالیکی باس لەوەشدەکات، بەپێی رێککەوتنی نێوانیان، عێراق دەبێت ساڵانە 35 ملیۆن تۆن نەوت لە رێگەی بۆرییەکەوە هەناردە بکات کە یەکسانە بە 700 هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەڵام ئەگەر عێراق ئەو بڕە هەناردە نەکات، دەبێت ساڵانە نزیکەی 218 ملیۆن دۆلار بداتە تورکیا، تورکیاش ئەمە وەکو کارتی گوشار دژی بەغدا بەکاردەهێنێت.
لەبارەی جیاوازیی تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوتیشەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا، دەڵێت، ئەو بڕەی بەغدا دایناوە کە شەش دۆلارە، بەس نییە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان و یەکناگرێتەوە لەگەڵ ئەو رێککەوتنەی کۆمپانیاکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە، "ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە."
یەشار مالیکی لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، کۆمپانیا نەوتییەکان بایی نزیکەی ملیارێک دۆلار نەوتیان هەناردەکردووە و ئەو پارەیەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام عێراق دان بەو جۆرە گرێبەستانەدا نانێت.