لە ئامەد رێژەی سەردانیکارانی پێشانگەی کتێب 50% زیادیکردووە

رووداو  هەولێر

بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی سەردانیکارانی پێشانگەی کتێب نزیکەی 50% زیادیکردووە. 
 
حەوتەمین پێشانگەی کتێب لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان لە دواڕۆژدا بەردەوامە لە پێشوازیکردنی هاونیشتمانیان و خەڵکێکی زۆریش سەردانی دەکەن. تەنیا لە یەکەم رۆژدا 24 هەزار و 173 کەس سەردانی پێشانگەکەیان کرد.
 
- خواست لەسەر کتێبی کوردی زیاترە و 25 وەشانخانەی کوردی بەشدارییان کردووە، فرۆشی کتێبی کوردی 50% بەرزبووەتەوە.
 
- 14 کتێب کە لەبارەی کورد نووسراون قەدەخەکراون
 
- دوو لەو کتێبانە لەبارەی مەلا مستەفا بارزانین
 
- 250 نووسەر ئامادەبوون و کتێبەکانیان واژۆکرد
 
- ئیسماعیل بێشیکچی یەکێک بوو لەو نووسەرانە
 
لەمیانی پێشانگەکەدا 72 چالاکیی وێژەیی بەڕێوەچوون، زیاتر لە نیوەی بە زمانی کوردی بوون.
 
ئەمساڵ ماوەی پێشانگەی کتێب لە ئامەد کرایە 9 رۆژ، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە چەند ساڵی رابردوودا ئەو ماوەیە شەش رۆژ بوو.
 
پێشانگەکە رۆژی 28ی ئەیلوولی 2019 کرایەوە و ئەمڕۆ 6ی تشرینی یەکەمی 2019 دوایین رۆژی پێشانگەکە دەبێت.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی کەمپەینی زمانی کوردی دەکات. بۆ ئەو مەبەستە چەند کۆمەڵە و رێکخراوێکی ئەکادیمی پشتیوانیی خۆیان راگەیاندووە. 
 
بەگوێرەی پلانی هەدەپە، لە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان لە رێی مامۆستا و وانەبێژانی زمانی کوردی خولی زمانی درێژخایەن دەکرێتەوە. هەروەها هەوڵ بۆ هەڵگرتنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندن بەزمانی کوردی دەدرێت و هەوڵەکانیش لەڕێی یاساییەوە دەبن.