بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانییانی سیاسی شاندێکی کوردستان دەچێتە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانییانی سیاسیی کوردستان لەگەڵ عێراق سەردانی بەغدا دەکەن. دەشڵێت، "زیاتر لە 25 هەزار زیندانیی سیاسیی سوودمەند دەبن."
ئەحمەد مام رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رەشنووسی رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە کۆتاییەکانیدایە بۆئەوەی مووچەی زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هاوتای مووچەی زیندانییانی سیاسیی عێراق بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت بەمنزیکانە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر بکات، دوای ئەوەش شاندێک بچنە بەغدا بۆ ئەو بابەتە، بەڵام وادەی چوونی شاندەکە دیار نییە."
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتیشی، "ئێمە پێشتر داوامان کردووە مووچە و ئیمتیازاتی زیندانییانی سیاسیی کوردستان هاوتا بکرێت و بخرێنە سەر دامەزراوەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی عێراق، ئەگەر ئەوە بکرێت کارێکی باشە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە هەرێمی کوردستان 25 هەزار و 107 زیندانی سیاسیی بە لیژنە و بڕیاری دادوەر هەموو رێککارەکانی پشتڕاستکردنەوەیان بۆ کراوە، هەندێکی دیکەش ماون.
ئەحمەد مام رەسووڵ دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەنیازن رێککەوتنێکی سیاسی لەبارەی ئەو بابەتەوە بکەن، رێککەوتنەکە لە هەموارەکانی کۆتاییدایە و زۆر نزیکە لەلایەن مەسروور بارزانییەوە پەسند بکرێت. پێناچێت وەزارەتی دارایی عێراق هیچ تێبینی یان ناڕەزایەتییەکی لەسەر ئەو هاوتاکردن و گواستنەوەیە هەبێت."
کەمترین مووچەی زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشی ناگاتە یەک ملیۆن دینار، بەڵام کەمترین مووچەی زیندانییانی سیاسی لە عێراق لە 400 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دوو ملیۆن دینار.
هاوتاکردنی مووچە یان مینحەی زیندانییانی سیاسی، بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2006 دەبێت، کە یاسای دامەزراوەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی عێراقە.
لە هەرێمی کوردستان مووچەکە بەپێی جۆری گرتنەکە، واتە سزادراوە، یان گیراوی سیاسیی یان راگیراو، لەگەڵ ماوە و ساڵانی بەندکردن لەلایەن بەعسەوە، دەگۆڕێت؛ هەرچەندە رەگەزی دەستگیرکراو، واتە نێر و مێ، هیچ جیاوازییەکی بۆ نەکراوە، بە پێچەوانەوە لە عێراق مینحەی یان مووچەی دەستگیرکراوانی ئافرەت زیاترە لە پیاوان.
مووچەی مانگانەی زیندانی و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کەسانەیە کە زیاتر لە شەش مانگ لە زینداندا ماونەتەوە، ئەوانەشی لە شەش مانگ کەمتر بێت، ئەوا بڕە پارەیەک دەبێت کە پێی دەگوترێت مینحە و بۆ یەکجار و بەپێی مانگەکانی گرتنی بۆی خەرج دەکرێت.
دوای راگرتنی مووچەکانیان بەهۆی قەیرانی دارایی و دواتر لێکۆڵینەوە لە ناوی ئەو کەسانەی شایستە نین، لە دوای 2014ەوە مووچەی زیندانیانی سیاسیی راگیرا، بەڵام دواتر بە چەند لیست و قۆناخێک دەستیپێکردەوە.
کانوونی دووەمی ساڵی 2022، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێنجەم لیستی ناوی زیندانی سیاسیی راگەیاند، کە مینحەی مانگانەیان بۆ خەرجدەکرێت.
مووچەی مانگی تەمموزی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دابەشکرا، بە هاوتاکراوی لەگەڵ مووچەی خانەنشینانی بەغدا درا.