گەنەل ئێنیرجی: بەرمیلێک نەوت لە بازاڕی ناوخۆ بە 32 دۆلار دەفرۆشین

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی، کە لە چەندین کێڵگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، راپۆرتی چارەکی دووەمی ئەم ساڵی خۆی بڵاوکردەوە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، لە کێڵگەی تاوکێ کە کۆمپانیای گەنەل ئینیرجی و کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی بە هاوبەشی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە لە سێ مانگی دووەمی ئەم ساڵدا، گەیشتووەتە 80 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
گەنەل ئینێرجی دەڵێت، "کێڵگەی تاوکێ و پێشابوور سەلماندوویانە کێڵگەی گەورە و ستانداردی نێودەوڵەتین."
 
بەپێی گەنەل ئینێرجی، بەهۆی ئەوەی هەناردەکردنی نەوت وەستاوە، بەرمیلێک نەوت لە بازاڕی ناوخۆدا بە 32 دۆلار دەفرۆشن.
 
کۆمپانیاکە دەڵێت، هەرچەندە لە مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا نزیکبوونەوە و کۆبوونەوە لەنێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی بەغدا هاتە ئاراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەڵام دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق نەگەیشتنە ئەنجام.
 
گەنەل ئینێرجی باسی لەوەش کردووە، چاوەڕێ دەکەن کۆبوونەوەی دادگای لەندەن لەسەر سکاڵایەکی کۆمپانیاکە لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەر لە کۆتایی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی لە دوو کێڵگەی میران و بنەباوی، کە کێڵگەی گازین، سەندووەتەوە؛ ئەوەش بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکە نەیتوانیوە لەو ماوەیەی کە بۆی دەستنیشان کراوە، پەرە بەو کێڵگانە بدات، بەڵام کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی سکاڵای تۆمار کردووە.