ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێر تێبینییەکانى لەبارەى گواستنەوەى کاڵا دەداتە بەغدا

رووداو دیجیتاڵ

ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێر بە نووسراوێک تێبینیی خۆى لە بارەى بڕیاری گواستنەوەى کاڵاى هاوردەکراو و بەرهەمى نێوخۆیی بۆ ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوور ئاراستەی بەغدا دەکات، دەڵێت: "ئەو رێکارەى حکومەتى فیدراڵى تێچووى کاڵا زیاتر دەکات."
 
نووسراوەکەى ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێر لە 5ـی ئابی 2024 ئاراستەى دیوانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازی، نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا و لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق کراوە. 
 
گەیلان سەعید، سەرۆکى ژوورى بازرگانیی هەولێر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند چاوەڕێى وەڵامی نووسراوەکە دەکەن.
 
ئەو تێبینییانە لە وەڵامى نووسراوێکى عەبدولکەریم عەبدولحەسەن، سکرێترى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق، محەممەد شیاع سوودانى بووە، کە لە 14ـی ئایار ئاڕاستەى هەرێمى کوردستانى کردووە، تێیدا ئاماژەى بەوە داوە رەزامەندى دراوە لەسەر راسپاردەى رێکخستنى کارى بازگەکان.
 
لە راسپاردەکانى بەغدا هاتووە؛ دەبێت بارهەڵگرى کاڵاى هاوردەکراو لە دەروازە فەرمییەکانى هەرێمى کوردستانەوە لە رێگەى پارێزگاى نەینەوا بگەیێندرێنە بەغدا و پارێزگاکانى دیکەى عێراق. ئەو کاڵایانە دەبێت لە بازگەیەکى نوێى نەینەواوە ببرێنە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق کە بە بازگەى سەد ناسراوە و مانگى رابردوو دانراوە.
 
تێبینیی ژوورى بازرگانیی هەولێر لەسەر ئەو راسپاردانەى بەغدا ئەوە بووە؛ ئاماژە بەوە نەکراوە ئەو کاڵایانەى دواى هاوردەکردنیان لە هەرێمى کوردستان هەڵدەگیرێن و دواتر دەفرۆشرێن و دەنێردرێن بۆ بەغدا و پارێزگاکانى دیکە "ئەم پرۆسەیە قورس دەبێت ئەگەر تەنیا بە پارێزگاى نەینەوا تێپەڕ بێت." 
 
دووەم راسپاردەى نووسراوەکەى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەوەیە ئەو بارهەڵگرانەى بەرهەمى نێوخۆیی هەرێمى کوردستان دەگوێزنەوە بۆ بەغدا و پارێزگاکانى دیکە، دەبێت تەنیا لە رێگەى کەرکووکەوە بگوێزرێنەوە، بە مەرجێک کۆمپانیا و پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکەى ئەو کاڵایانە لە بەغدا تۆمارکراوبن.
 
یەکێک لە تێبینییەکانى دیکە ئەوەیە؛ دیاریکردنى کەرکووک بۆ گواستنەوەى بەرهەمەم و کاڵا نێوخۆییەکانى هەرێمى کوردستان پرۆسەیەکى قورسە و تێچووى زۆرە، بەتایبەت بۆ پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ، کە ژمارەیەکى زۆر پڕۆژە و کۆمپانیای بەرهەمى نێوخۆییان تێدایە، لە کاتێکدا تێپەڕینى بەرهەمى ئەو دوو شوێنە بە نەینەوا لە رووى کات و کورتکردنەوەى رێگە، باشترە و رێگر دەبێت لە رووداوى هاتووچۆ.
 
ئەو راسپاردانەى بەغدا لە یەکى ئابەوە کەوتوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە. 
 
ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێر دەڵێت، هەشت کۆمپانیاى تۆمارکراو و مۆڵەتپێدراو لە بەغدا هەن بۆ گواستنەوەى نێوخۆیی لە هەولێر بۆ بەغدا و بەپێچەوانەوە، بەڵام لە بازگەى کەرکووک رێگرییان لێدەکرێت بچنە بەغدا، ئەو رێگریکردنەش بەگوێرەى راسپاردەکانی حکومەتی عێراق بووە.
 
بەگوێرەى نووسراوەکە، جێبەجێکردنى ئەو راسپاردانەى بەغدا دەبێتە هۆى زیادبوونى بڕى تێچووى کاڵا و بەرهەمە هاوردەکراوەکان و بەرهەمى نێوخۆی، ئەوەش بارى سەرشانى بەکاربەر کە هاووڵاتیی عێراقە، زیاد دەکات.
 
یەکێکى دیکە لە ئەنجامەکان کە ئاماژەى پێدراوە، زیادبوونى بڕى تێچووى ئەو بەرهەمانەیە کە بەرگەى گواستەوەى زۆر ناگرن، هەروەها رووداوەکانى هاتووچۆ زیاتر دەکات.
 
 گەیلان سەعید دەڵێت "راسپاردەکان بە پێچەوانەى مادەى 24ى  دەستوورن."
 
بەگوێرەى ئەو ماددەیە پێویستە دەوڵەت گەرەنتیکارى ئازادیی هاتووچۆ و گواستنەوەى دەستى کار و کاڵا و سەرمایەى عێراق بێت لەنێوان پارێزگا و هەرێمەکان، ئەوەش بە یاسا رێکبخات.