قازانجی تۆیۆتا لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 74.3٪ دابەزیوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پوختەی قازانجی کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنیی دروستکەری ئۆتۆمبێل لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 74.3٪ و داهاتی کۆمپانیاکەش بە رێژەی 40٪ دادەبەزیوە. تۆیۆتا پێشبینی دەکات پوختەی قازانجی لەمساڵدا 64٪ داببەزێت. 
 
کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی کە پێشتر نەیوست پێشبینییەکانی بۆ داهاتی کۆمپانیاکە رابگەیینێت، ئێستا دەڵێت پوختەی قازانجیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ 6.9 ملیار دۆلار کەمی کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی رابردوودا 19.56 ملیار دۆلار بووە. 
 
تۆیۆتا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی فراوان کاریگەریی لەسەر کارکردن و داهاتی کۆمپانیاکە هەبووە و کاریگەرییەکەشی بە درێژایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت. 
 
ئەو کۆمپانیایەی بواری ئۆتۆمبێل رایگەیاند لە ئاستی هەرێمی، لە هەر یەک لە باکووری ئەمریکا و ئەوروپا، داهاتی ناپوختەی لە سێ مانگی نیسان، ئایار و حوزەیران زیاتر لە 80٪ کەمبووەتەوە. هاوکات پوختەی قازانجیان بەگشتی لەو سێ مانگەدا بە رێژەی 74.3٪ و داهاتیش بە رێژەی 40٪ دابەزیوە. 
 
ساتۆرو تاکادا، بەرپرسی توێژینەوە و راوێژکاریی کۆمپانیای تۆیۆتا رایگەیاند، " چارەکی دووەمی ئەمساڵ بۆ کۆمپانیا ژاپۆنییەکانی بواری ئۆتۆمبێل ماوەیەکی سەخت بوو". هەروەها رایشیگەیاند، " ئاستی بەرهەمهێنان بەرەو باشبوونەوە گەڕاوەتەوە، بەڵام فرۆش تاوەکو ئێستا ئاستی باش نییە".
 
کۆمپانیای تۆیۆتا پێیوایە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە چەندین شێوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەریان هەبووە و لە هەردوو مانگی نیسان و ئایاریشدا لە خراپترین بارودۆخیاندا بوون، بەڵام لەدوای مانگی ئایارەوە رەوشەکە بۆ ئەوان باشتربووەتەوە. 
 
لەو کاتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چالاکترین ساتیدا بوو، کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی پێشبینیی کرد لە ساڵی 2020ـدا بە تێکڕا 8.9 ملیۆن ئۆتۆمبێل بفرۆشن، بەڵام لە دواترین پێشبینیدا دەڵێت ئامانجیانە 9.1 ملیۆن ئۆتۆمبێل بفرۆشن. دابەزینی ئاستی فرۆشیش پەیوەستە بە کەمبوونەوەی خواست، داخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی کاتی لە ژاپۆن و وڵاتان، کۆمپانیاکانی دابەشکاری و بریکارەکانیش هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی فرۆشی بەرهەمەکانی تۆیۆتا. 
 
هاوکات بەرزکردنەوەی پێشبینییەکان بۆ فرۆشی ئۆتۆمبێل لەلایەن تۆیۆتاوە بەهای پشکەکانی ئەو کۆمپانیایەی بە رێژەی 2.3٪ بەرزکردەوە. 
 
ئەمساڵ کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمبێل لە سەرتاسەری جیهاندا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانی زۆریان پێگەیشتووە. زۆربەی ئەو کۆمپانیایانە بەهۆی خراپیی رەوشی ئابووریی جیهان و ناردنەوەی کارمەندەکانیان بۆ ماڵەوە پشت بە هاوکاریی حکومەتەکانیان دەبەستن. 
 
کۆمپانیای نیسانی ژاپۆنیی رکابەری تۆیۆتایش رایگەیاندووە لەمساڵدا پوختەی قازانجەکانیان بە بڕی 6.4 ملیار دۆلار کەمدەبێتەوە. کۆمپانیای هۆنداش ئاماژەی بەوە دا دیارنییە بڕی زیانەکانی لەمساڵدا چەند دەبێت، بەڵام بەراورد بە ساڵی رابردوو قازانجەکانیان زۆر دادەبەزێت.