ئەگەری ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و غەززە نرخی نەوتی دابەزاند
رووداو دیجیتاڵ
ئەگەری ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و غەززە مەترسییە جیۆسیاسییەکانی لە بازاڕی نەوت کەم کردووەتەوە و نرخی نەوت رۆژی هەینی بە رێژەی 1% دابەزی.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی خواست لە وەرزی گەشتیاریی هاویندا، بەڵام خاوبوونەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 89 سەنت دابەزی و بە 86 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 72 سەنت دابەزی و بە 83 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە ئاستی هەفتانەدا، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 0.4% بەرزبووەتەوە و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 2.1% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، وتووێژەکانی پەیوەست بە ئاگربەست و ئاڵوگۆڕپێکردنی دیلەکان، ئەم هەفتەیە دەستپێدەکاتەوە.
ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەستێکی کۆتایی لەم هەفتەیەدا کاریگەریی بەرچاوی لەسەر نرخی نەوت داناوە.
هەرچەندە خواست لەسەر نەوت لە ئاستێکی بەرزدایە، بەڵام نەمانی نیگەرانییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە شەڕ، بە پێچەوانە کاریگەریی بەرچاوی لە دابەزاندنی نرخی نەوت هەبوو.
تیم سایندەر، ئابووریناسی سەر بە رێکخراوی (مێتادۆر ئیکۆنۆمیست) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "چەند رۆژی رابردوو لووتکەی گەشتیاری و هاتووچۆی وشکانی و ئاسمانی بووە بەهۆی پشووی هاوینە، ئەوەش خواستی بۆ بەکارهێنانی نەوت بەرز کردەوە."