بۆچی کەمکردنەوەی بەرهەمی ئۆپێک پڵەس نرخی نەوت بەرز ناکاتەوە؟
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کە نزیکەی 40٪ـی کۆی نەوتی جیهان بەرهەمدەهێنێت، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە لە کۆبوونەوەکانیدا سێ جار بڕیاری داوە بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە؛ ئێستا ئەو گرووپە بەرهەمهێنانی 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئەندامانی کەمکردووەتەوە. ئامانج لە بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە، بەڵام زۆر لە دامەزراوە و شرۆڤەکاران دەڵێن، ئۆپێک پڵەس لەوەدا شکستی هێناوە.
رۆژی دووشەممە، 03-07-2023، هەریەک لە سعودیە و رووسیا کە دوو گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهانن و سەرکردەی دیفاکتۆی هەردوو بەرەی پێکهێنەری ئۆپێک پڵەسن، ماوەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان درێژکردەوە.
ئۆپێک پڵەس لە 23 ئەندام پێکدێت؛ 13یان ئەندامی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)ـن و 10یەکەی دیکەیان لە دەرەوەی رێکخراوەکەن. هەریەک لە سعودیە و رووسیاش سەرکردە و بڕیاردەری دیفاکتۆی گرووپەکەن.
سعودیە رایگەیاندووە، کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت، تاوەکو مانگی ئاب درێژدەکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەلیکسەندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاندووە لە مانگی ئابدا بەرهەمهێنانی نەوت، بە بڕی 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمدەکەنەوە.
ئامانج لە بڕیارەکەی دوو زلهێزە نەوتییەکە بەرزکردنەوەی نرخی نەوت بوو؛ بەڵام هەنگاوەکە کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر نرخەکان بەدوادا نەهاتووە.
درێژکردنەوەی ماوەی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت لەکاتێكدایە، مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئەندامانی ئۆپێک پڵەس گەیشتنە رێککەوتنێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو ساڵی 2024.
نیسانی ئەمساڵیش، هەریەک لە وڵاتانی عێراق، ئیمارات، کوێت، عومان، جەزائیر و سعودیە بڕیاریاندا وەک هەوڵێک بۆ بووژاندنەوەی نرخی نەوت، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتەکانیان کەمبکەنەوە؛ وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەمانشێوە کەمکردنی خۆویستانەی بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی 211 هەزار بەرمیل راگەیاند و لە مانگی ئایارەوە جێبەجێکرا؛ هاوکات ئیمارات بڕیاری دا رۆژانە 144 هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتەکەی کەمبکاتەوە.
لە تشرینی یەکەمی 2022ـش، بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە.
ئێستا کۆی ئەو بەرهەمی نەوتەی ئۆپێک پڵەس کەمیکردووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا کە دەکاتە نزیکەی 5٪ـی خواستی رۆژانەی جیهان لەسەر نەوت.
کاتێک لە سەرەتای نیسانی ئەمساڵدا ئۆپێک پڵەس کەمکردنەوەی ملیۆنێک و 160 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە مانگی ئایارەوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ راگەیاند، نرخی نەوت لەکاتی کرانەوەی بازاڕەکاندا راستەوخۆ زیاتر لە 5 دۆلار بەرزبووەوە؛ رۆژانی دواتریش بەرزبوونەوەکە گەیشتە نزیکەی 9 دۆلار و بەرمیلێک نەوتی برێنتی گەیاندە سەروو 87 دۆلار.
بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە؛ سەرەڕای کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام نرخی نەوت مانگی نیسانەوە زیاتر لە 10٪ـی نرخەکەی لەدەستداوە و ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت کەمێك زیاتر لە 76 دۆلارە.
شرۆڤەکارانی گرووپی ئۆراسیا، کە تایبەتە بە راوێژکاری دەڵێن، کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوت کاریگەریی کەمی دەبێت لەسەر ئەو هەستەی دابەزین کە لە بازاڕدا هەیە، ئەوەش بەهۆی رەشبینی لەبارەی ئاسۆی گەشەی خواست لەسەر نەوت لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا.
هاوکات شرۆڤەکارانی کۆمپانیای راوێژکاریی ING رایانگەیاندووە، "بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، هۆکارە بنەڕەتییەکان هێندە کاریگەرییان لەسەر بازاڕی نەوت دانەناوە. رەوشی ناڕوونی ئابووریی جیهان لە چەند مانگی داهاتوودا، کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت داناوە".
دامەزراوە، شرۆڤەکار و چاودێرانی بازاڕی نەوت، کاریگەرنەبوونی بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس لەسەر نرخی نەوت بۆ چوار هۆکاری سەرەکیی دەگەڕێننەوە:
نیگەرانییەکانی کەمی خواست
ئامارە ئابوورییەکانی چین، بەتایبەتی کەمبوونەوەی چالاکیی کارگەکان، نیگەرانیی ئەوەی دروستکردووە بووژانەوەی گەورەترین هاوردەکاری جیهان دوای دەستبەرداربوون لە "سیاسەتی بنبڕکردنی کۆڤید-19"، هێندە بەهێز و کاریگەر نییە کە چاوەڕوان دەکرا.
کارستێن فریتش، شرۆڤەکار لە بانکی بازرگانیی "Commerzbank"ـی ئەڵمانی دەڵێت: "هەرچەندە ئاماری خواستی چین لەسەر نەوت هێشتا بەهێزە، بەڵام بووژانەوەی ئابووریی چین دوای هەڵگرتنی رێکارەکانی دژی کۆرۆنا زۆر لەوە خاوترە، کە پێشبینی دەکرا".
ئەو شرۆڤەکارە لەبارەی بەهێزی خواستی چین لەسەر نەوت و کاریگەرییەکەیەوە دەڵێت، دوای دابەزینی بەرچاوی ساڵی رابردوو، زیادبوونی خواستی چین لەسەر نەوت لەمساڵدا زیاتر کاریگەرییەکی "پێڕاگەیشتنەوە"ـیە، بەڵام هێشتاش ئەگەر هەیە بەشێوەیەکی بەرچاو خاوببێتەوە.
زیادکردنی سوودی بانکی
بانکە ناوەندییەکانی جیهان، لە سەروو هەمووشیانەوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا، هۆشداریی دەدەن لەوەی هێشتا دەبێت رێژەی سوودی بانکی زیادبکەن تاوەکو رووبەڕووی هەڵاوسان ببنەوە و بۆ ئەو ئاستەی دابەزێنن کە ئامانجیانە، ئەوەش نیگەرانییەکانی بازاڕی نەوتی زیادکردووە.
زیادکردنی سوودی بانکی بەو واتایە دێت، کە لەکاتی راکێشانی پارەکانیان، رێژەیەکی زیاتر وەک سوود لە پارەی هاوڵاتییان لەلایەن بانکەکانەوە دەگێڕدرێتەوە، ئەوەش راستەوخۆ خەرجییەکان کەمدەکاتەوە، بەتایبەتی گەشتکردن، ئەوەش خواست لەسەر نەوت کەمدەکاتەوە. هاوکات تێچووی بەرهەمهێنانی کارگەکانیش زیاد دەکات.
تاماس ڤارگا، شرۆڤەکاری نەوت لە کۆمپانیای PVM دەڵێت، "پێویست بە پێچ و پەنا ناکات؛ کارگەکانی تەواوی جیهان دەناڵێنن [بەدەست زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنانەوە]، هەروەک لە ژاپۆن، ناوچەی یۆرۆ، بەریتانیا و ئەمریکا روویداوە".
هەموو ئەمانە بەو واتایە دێت، کە وەبەرهێنەران بەو بیرکردنەوەیە ناچنە نێو بازاڕی نەوتەوە کە نیوەی دووەمی 2023 بووژانەوەیەکی بەهێزی خواستی لەسەر نەوت لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
هاوکات گومانی زۆریش لەسەر پێشبینییەکانی ئەو بڕە زۆرەی نەوت هەیە کە دەگوترێت، دەبێت لە کۆگە نەوتییەکان بهێنرێتە دەرەوە تاوەکو خواست پڕبکاتەوە.
گرووپی راوێژکاریی ئۆراسیا دەڵێت: "هەرچەندە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە و ئۆپێک بەردەوام پێشبینی دەرهێنانی نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆگەکان دەکەن، بەڵام بڕواپێکراویی ئەو پێشبینییانە بەتێپەڕبوونی کات کەمتر دەبێتەوە، بازاڕەکانیش دێنە سەر ئەو بڕوایەی دەبێت راستکردنەوەیەکی واتابەخش بێتە ئاراوە".
بەرزبوونەوەی بەرهەمی ئەمریکا
زیادبوونی بەرهەمی نەوتی ئەمریکا بە ئاستێکی زیاتر لە پێشبینییەکان، هۆکارێکی دیکەی نیگەرانییەکانی بازاڕی نەوتە لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی؛ ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا پێشبینی دەکات، لەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بە بڕی 720 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیادبێت و بگاتە 12 ملیۆن و 610 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
ئیدارەکە پێشتر پێشبینیی کردبوو، ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بە بڕی 640 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا زیادبکات.
زیادبوونی بەرهەمی نەوتی ئەمریکا لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2018ـدا ئەو وڵاتە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەرهەمدەهێنا. ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی نەوت دەبێت، بەوپێیەی ئەمریکا هاوردەکارێکی گەورەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانە لەسەر ئاستی جیهاندا.
بەپێی ئاماری ئیدارەی زانیاریی وزە، لە ساڵی 2022ـدا ئەمریکا رۆژانە نزیکەی 8 ملیۆن و 320 هەزار بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی لە 80 وڵات جیهانەوە هاوردەکردووە.
کەمبوونەوەی هەستی ئەرێنی
لە ساڵی 2020ـدا، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە هۆشداریی دایە بازرگانان لەوەی گرەو لەسەر بازاڕی نەوت نەکەن و رایگەیاند، ئەوانەی "قومار" لەسەر نرخەکانی نەوت دەکەن، هێندە ناڕەحەت دەبن "وەک ئەوەی لە دۆزەخدا بن".
لە سەروبەندی کۆبوونەوەی 4ـی حوزەیرانی ئەمساڵیش، شازادە عەبدولعەزیز دووبارە هۆشداریی دایەوە و بە جامبازانی بازاڕی نەوتی گوت، "ئاگادار بن".
بەشێک لە چاودێران و وەبەرهێنەرانی بازاڕی نەوت هۆشدارییەکەی وەزیری نەوتی سعودیەیان وەک ئاماژەیەک لێكدایەوە کە رەنگە ئۆپێک پڵەس، بۆ سزادانی ئەو لایەنانەی گرەو لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەکەن، بیر لە کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بکاتەوە.
بەڵام ئێستا، وەبەرهێنەران تاڕادەیەک ترسیان لە هەڕەشە و هۆشداریی هاوشێوە نەماوە.
ئۆلێ هانسن، شۆڤەکاری بانکی ساکسۆ دەڵێت: "بەپێی دوایین ئامار، کۆی گرێبەستە درێژخایەنەکانی ئایندەی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساس بە بڕی 66 هەزار گرێبەست و بۆ 231 هەزار گرێبەست کەمبوونەتەوە، ئەوەش تەنیا 48 هەزار گرێبەست زیاترە بەراورد بە مانگی ئاداری 2020، کاتێک بەهۆی ترس لە ڤایرۆسی کۆرۆناوە، نرخەکان بۆ خوار سفر دابەزین".