سیتی گرووپ لە پڕۆژەی هێلی نەوتی عێراق-ئوردن سەرمایەگوزاری دەکات

رووداو- بلومبێرگ

بەرپرسێکی عێراقی رایگەیاندووە، سیتی گرووپ لە پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق-ئوردن سەرمایەگوزاری دەکات.

بەپێی ماڵپەری بلومبێرگ، بانکی ناوداری ئەمریکی، سیتی گرووپ، یەکێکە لەو بانکانەی، کە دەیانەوێ لە پڕۆژەی راکێشانی هێڵی نەوتی عێراق بۆ ئوردن بەشداری بکەن.

چاوەروان دەکرێ حکومەتی عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا ناوی ئەو کۆمپانیانە ئاشکرا بکات، کە پێشنیازیان کردووە بەشداری بکەن لەو پڕۆژەیەدا.

ئەو بەرپرسە عێراقییە بە بلومبێرگی راگەیاندووە "بێجگە لە سیتی گرووپ، کۆمپانیا و بانکەکانی دیکە لە وڵاتانی رووسیا، کوریای باشور، ژاپۆن و ئیتالیا داوای بەشداریکردنیان لەو پڕۆژەیەدا کردووە.

پاش ئەو هەموو شەڕ و نەهامەتییەی تووشی بووە، عێراق بە نیازە ژێرخانی کەرتی نەوت نۆژەن بکاتەوە،ئەویش بە راوێژ لەگەڵ کۆمپانیای SNC-Lavalin Group، کە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەستنیشانکراوە بۆ راوێژکردن و بەپێی پێشنیاز و راسپاردەکانی ئەم گرووپە، عێراق دەبێ دەستبکا بە دروستکردنی رێگای نوێی گواستنەوەی نەوت و غازی سروشتی.

ئەم هێڵی نەوتە، بریارە رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە حدیسەوە بگوازێتەوە بۆ بەندەری عەقەبە لە ئۆردەن.