رووداو دیجیتاڵ
FIB لەلایەن گەورە ئاژانسێکی ئەمریکییەوە بەرزترین پلەی هەڵسەنگاندنی باوەڕپێکراویی لە عیراق بەدەستهێنا.
لە یەکەم هەڵسەنگاندنی باوەڕپێکراویی داراییدا، بانکی یەکەمی ئیسلامیی عێراق بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن و پشکداری کە بە FIB ناسراوە، پلەی 'B-'ـی لەلایەن ئاژانسی " S&P Global Rating"ـەوە بەدەستهێنا و بەپێی تێڕوانینی ئاژانسەکە بۆ داهاتووی ئەم بانکە، ئەم ئاستە بە جێگیری دەمێنێتەوە.
ئاژانسەکە دەڵێت: هەرچەندە FIB دامەزراوەیەکی بچووکە لە نێو بانکە عێراقییەکان و کەمتر لە 1٪ـی پارە دانراوەکانی لە عێراق تێدایە، بەڵام لە رێگەی وەبەرهێنان لە توانا دیجیتاڵییەکانی و پارەدانەوە، بەخێرایی گەشە دەکات و زیاتر قبووڵ دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە سامانی بانکەکە لە کۆتایی 2023ـدا 657.5 ملیار دینار [502 ملیۆن دۆلار] بووە.
ئاژانسەکە دەشڵێت، ئەو ئاسۆ سەقامگیرە رەنگدانەوەی تێڕوانینمانە بەوەی دەکرێت FIB لە 12 بۆ 18 مانگی داهاتوودا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە چالاکییەکانی فراوان بکات. برەو وەبەرهێنان و پشکی سەرمایەی بەهێزیش بدات.
ئەو ئاژانسە لە بارەی FIB باس لەوەش دەکات، هەرچەندە لە بازاڕێکی تازە پێگەیشتوودا کار دەکات، بەڵام پێشبینی دەکەین لە ساڵانی کەمی داهاتوودا بە خێرایی گەشە بکات، بە تایبەتی ئەگەر ئۆفەرەکانی بۆ قەرزدانی تاکەکەسی، کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان و پارەدارکردنی بازرگانی فراوانتر بکات.
لە راگەیێندراوێکی FIBـدا کاوە رێکانی، خاوەنی بانکەکە دەڵێت: "ئەوەی کە بانکی FIB پلەی 'B-'ـی لە لایەن ئاژانسی "S&P Global Rating"ـەوە بەدەست هێناوە، پێشاندەری توانا داراییەکان و ئاراستەی ستراتیژیی بانکەکەیە."
گوتیشی: "چارەسەرە دیجیتاڵییە داهێنەرانەکانمان و پابەندبوونمان بە پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزارییە بانکیانەی گرنگیی بە بەکارهێنەر دەدەن، پاڵپشتن بۆ گەشەکردنمان و جێگیربوونمان لە بواری بانکەکاندا لە عێراق. وەرگرتنی ئەم پلەیە، سەلمێنەری هەوڵ و خۆتەرخانکردنمانە بۆ گۆڕینی کاری بانکەکان لە عێراق."
FIB لە ساڵی 2020ـدا دامەزراوە و مۆڵەتی لە بانکی ناوەندیی عێراقەوە وەرگرتووە.
FIB چەندین خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر پێشکەش دەکات، وەک دروستکردنی هەژمار بە خێرایی و بە شێوەیەکی دیجیتاڵی، خزمەتگوزارییەکانی پارەدان، هەروەها قەرزی تایبەت بە تاکەکەس و کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان و دامەزراوەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ