رووداو دیجیتاڵ
73 رۆژە بە لێکەوتەی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانی پاریس، هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیراوە.
لە هەڤپەینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت شاندێکی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، سەردانی عێراق دەکات.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق گوتی "راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێم و لە کەرکووکەوە بەردەوام نابێت، دانوستاندن لەگەڵ لایەنی تورکی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە، پەنا بەخودا هیوادارین، بەم نزیکانە پێشوازی لە شاندێکی لایەنی تورکی دەکەین، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە".
وەزیری نەوت، باسی ئەو زیانانە دەکات کە بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بە عێراق و کۆمپانیاکان کەوتوون و دەڵێ "ئەو زیانەی کە بەو کۆمپانیایانە کەوتووە، بە عێراقیش کەوتووە بەگشتی، عێراقیش رۆژانە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت زیانی بەرکەوتووە".
دەمێکە عێراق داوای لە تورکیا کردووە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، تورکیا دەڵێت بۆرییەکە بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات زیانی بەرکەوتووە، بەڵام وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت پێی وانییە ئەمە تەنیا هۆکارەکە بێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق "ئێمە پێمان وانییە ئەوە هۆکارەکە بێ، رەنگە هەندێ زیانی بەرکەوتبێ، بەڵام بەو قەبارەیە نییە کە بەکارخستنەوەی پێویستی بەو ماوە زۆرە بێت. لەم گفتوگۆیانەی دواییدا هەواڵی خۆشیان دایە ئێمە و پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی کەمی داهاتوودا، دەست بە هەناردەکردن بکەینەوە".
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، زیانەکانی 73 رۆژی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ