د.سامان بەرزنجی: یەکەم وەزارەت مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت

06-06-2020
راوچی حەسەن @Rawchihasan
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەشداریی گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەشداریی گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد
A+ A-
رووداو - هەولێر 

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، داوامان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە کە وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەتی حکومەت مووچەی پێبدرێت. 
 
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەشداریی گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و لەبارەی پزیشکانی مانگرتوو لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی رایگەیاند "چەند رۆژێکە گوێبیستی هەڕەشەی مانگرتن بووین لەلایەن خوشک و براکانی بەڕێز لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و نیشتەجێی دێرین، وا دیارە ئەمڕۆ بەشێکیان دەستیان لە کار هەڵگرت بەهۆی ئەوەی داوادەکەن لە کاتی خۆیدا مووچەیان پێبدرێت. ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵبووین و داوامان کردووە کە یەکەم وەزارەت مووچەی پێبدرێت وەزارەتی تەندروستی بێت".
 
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی دارایی و ئابووری سەختدایە. مانگی رابردووش بەهۆی دۆخێکی زۆر سەخت توانرا مووچەی وەزارەتەکان دابەشبکات. هۆکاری دواکەوتنی ئەو مووچەیەش بەهۆی قەیرانی داراییەوە. 
 
سەبارەت بەوەی کە ئەوان ناتوانن وەکو وەزیری تەندروستیی هەوڵی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستیی بدەن؟ وەزیری تەندروستی رایگەیاند، "داواکاریمان بۆ وەزارەتی دارایی بەرزکردووەتەوە کە مووچەی وەزارەتی تەندروستیی زوو دابەشبکرێت. بەڵام ناکرێت خوشک و برایانی پزیشک لەم دۆخە سەختەدا دەست لە دەوام هەڵگرن. چونکە ئەگەر مووچە هەبێت بەهیچ شێوەیەک دابەشکردنەکەی دواناکەوێت."
 
دوای ئەوەی بەهۆی پێنەدانی مووچەوە بەشێک لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی ‌و هەڵەبجە ‌و ئیدارەكانی گەرمیان ‌و راپەڕین نەخۆشخانەكانیان بەجێهشت، لە هەولێریش نزیکەی 200 پزیشک نەخۆشخانەکانیان جێهێشتووە و داوای مووچەی مانگی شوبات دەکەن.
 
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، تاوەکو ئێستا 35 کەس لە کارمەندانی تەندروستی بەهۆی بەریەکەوتنیان لەگەڵ تووشبووانی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
 
تاوەکو ئێستا هەزار و 96 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون. لەو ژمارەیە 448 کەس چاکبوونەتەوە و 19 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە