رووداو دیجیتاڵ
هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، نزیکەی 650 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە. حەوت دەروازەی سنووریی لەنێوانیان هەیە و قەبارەی بازرگانییەکەی بە ترانزێتەوە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا.
ئەندامێکی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق دەڵێت "قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمیکردووە، بەڵام دەکرێت لە رێگەی بەفەرمیکردن و گەورەکردنی دەروازە سنوورییە لاوەکییەکان، قەبارەی بازرگانی بۆ 10 ملیار دۆلار زیاد بکرێت."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە تارانی پایتەختی ئێرانە. لەگەڵ سەرۆککۆمار، رابەر، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان، برەودانی زیاترە بە بازرگانیی نێوان هەردوولا.
قەبارەی بازرگانیی هەولێر و تاران لە 4 ملیارەوە بۆ 2.4 ملیار دابەزیوە
لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، 650 کیلۆمەتر سنووری وشکایی هەیە. لەو سنوورەدا حەوت دەروازەی سنووری هەن. باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران فەرمی و شوشمێ، سەیرانبەن، پشتە و کێلێ لاوەکین.
سەید حەمید حوسێنی، ئەندامی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق، لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو، کاژێر 9:00ـی بەیانیی رۆژی دووشەممە و گوتی "لە ساڵانی رابردوودا، قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، 4 ملیار دۆلار بووە لە ساڵێکدا، بەڵام لە ساڵی 2023ـدا، کەمبووە بۆ 2.4 ملیار دۆلار."
بە گوتەی حوسێنی "دەکرێت قەبارەکە گەورەتر بکرێت بۆ نزیکەی 10 ملیار دۆلار، ئەوەش لە رێگەی بەفەرمیکردن یاخود گەورەکردنی دەروازە سنوورییە لاوەکییەکان."
قەبارەی بازرگانیی ترانزێت 4-5 ملیار دۆلارە
ئەندامەکەی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق دەڵێت "پێشتر نزیکەی 40٪ـی هەناردەی ئێران بۆ عێراق، بۆ هەرێمی کوردستان بوو، ئێستا رێژەکە بۆ 20٪ دابەزیوە، بەڵام هەناردە بەشێوەی ترانزێت لە هەرێمی کوردستانەوە، 4-5 ملیار دۆلارە."
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە یەکێکە لە ئەندامانی شاندەکە بۆ تاران، لەو شارەوە قسەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو کرد و گوتی "سنوورێکی بەرفراوانمان لەگەڵ یەکدیدا هەیە، پەیوەندییەکی ئابووری و بازرگانیی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە؛ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی بەردەوام هەیە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران هێزێکی کاریگەرە لە ناوچەکەدا و کاریگەریی لەسەر عێراق هەیە، لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە؛ لە هەموو کاتە ناخۆشەکاندا ئێمە وەکو دراوسێیەکی نزیک یەکەمین، پەیوەندیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بووە. بێگومان دراوسێتی و پەیوەندی لەم ناوچەیەدا هەڵبەزین و دابەزینی تێدا دروست دەبێت؛ شاراوە نییە کە لەماوەی رابردوودا جۆرێک لە ساردی لەم پەیوەندییانە دروستبوو؛ دەمانەوێت دڵنیاییەک بدرێتەوە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولامان گەورەترن لەو ئاستەنگانەی دێنە [ئاراوە]."
هەناردە و هاوردەکان چین؟
هەرێمی کوردستان، دەیان جۆر خۆراک و کاڵا لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هاوردە دەکات. سرووش سازانی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران – عێراق لە هەرێمی کوردستان قسەی بۆ رووداو کرد و دەڵێت "ئێستا زۆر وەبەرهێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن." بە گوتەی ئەو "وەبەرهێنەر هەیە خەڵکی هەرێمی کوردستانە و لە سنە مۆڵی بازرگانیی دروستکردووە."
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "هاوردەکردن لە ئێرانەوە زیاتر خۆراک، سەوزە و میوە، کەرەستەی بیناسازی و پێداویستی نێوماڵە."
ئێرانیش مادەی خاو لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکات بەتایبەت نەفتا.
500 کۆمپانیا و کارگەی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن
سەید حەمید حوسێنی دەڵێت "350 کۆمپانیا و 150 کارگەی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن."
سرووش سازانی ئاماژە بەوە دەکات، "بازرگانیی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زۆر پەرەیسەندووە، بە جۆرێک بازرگانانی هەردوولا ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن."
"32%ـی خواردەمەنیی مارکێتەکان هاوردەکراوی ئێرانە"
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران – عێراق لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێرانەوە کەرەستەی جۆراوجۆر دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان و گوتی، "ساڵانە بە بەهای یەک ملیار دۆلار، کەرەستەی بیناسازیی ئێران دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، هەروەها 32%ـی خواردەمەنیی مارکێتەکان هاوردەکراوی ئێرانە."
بە گوتەی سرووش سازانی، "نزیکەی 80%ـی کاڵای بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، بەتایبەت بازاڕەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە."
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران – عێراق لە هەرێمی کوردستان گوتیشی "سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران دەتوانێت ئەنجامی باشی لە رووی پەرەپێدانی بازرگانیی هاوبەشەوە هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ