دوو لیژنەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پشکی پارێزگاکان لە بودجەدا لەگەڵ 15 پارێزگارەکەی عێراق کۆدەبنەوە

06-05-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەکانی دارایی و هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پشکی پەرەپێدانی پارێزگاکان لە پڕۆژەیاسای بودجە لەگەڵ هەر 15 پارێزگارەکەی عێراق، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە. ئەندامێکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان دەڵێت، دەبێت بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان زیادبکرێت.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە، 6-5-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لیژنەکانی دارایی و هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا لەگەڵ هەر 15 پارێزگارەکەی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە. 
 
لە پڕۆژەیاسای بودجەدا 2.5 ترلیۆن دینار بۆ بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان تەرخانکراوە. ئەندامەکەی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان گوتی، لیژنەکەیان ئەو پارەیەی بەلاوە کەمە و پێویستە زیاد بکرێت، بۆیە بە نووسراوی فەرمی داوایکردووە 100٪ زیاد بکرێت و بکرێتە 5 ترلیۆن دینار، بەڵام دوای ئەوەی رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو میوانداریی هەر 15 پارێزگارەکەیان کردووە، بۆیان دەرکەتووە پێنج ترلیۆن دیناریش کەمە و بۆیە داوا دەکەن بکرێتە 7 بۆ 8 ترلیۆن دینار. 
 
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە 2.5 ترلیۆن دینارەکە، ئەندامەکەی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان گوتیشی، "پشکی هەرێمی کوردستان 11٪یە و بڕی 276 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە. سەرووی 40 ملیار دینار کەمترە لە رێژەی 12.67٪ کە وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاریکراوە".
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە، 01-05-2023، سەبارەت بە گفتوگۆکانی بودجە رایگەیاند، "رۆژی 10-05-2023 دوایین وادەیە بۆ یەکلاکردنەوەی گفتوگۆکانی رەشنووسی بودجە".
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی 3-5-2023 رایگەیاند، ئەم مانگە پڕۆژەیاسای بودجە پەسند دەکرێت. 
 
پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق قەبارەی پارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە و لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و ئێستا لە لیژنەی داراییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە