یەکێتیی خانەنشینان: زیاتر لە 24 هەزار خانەنشین چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین بوون و بەهۆیەوە زیاتر لە 24 هەزار خانەنشین چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت: "دۆخی خانەنشینان زۆر خراپە و پێویستیی بە رێکاری خێرا هەیە".
 
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ؛ ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون، کە ژمارەیان زیاترە لە 25 هەزار کەس.
 
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 24 هەزار خانەنشینبووی ئەم ساڵ مامەڵەکانیان تەواو نەکراوە، تاوەکو مامەڵەشیان تەواو نەبێت ناتوانن مووچە وەربگرن".
 
سادق شێخ عوسمان دەشڵێت: "لە تەواوی هەرێمی کوردستان لە زیاتر لە 25 هەزار خانەنشینبووی سێ ساڵ، کەمتر لە هەزار کەسیان مامەڵەیان تەواو کراوە و مانگی سێ مووچەیان وەرگرتووە، زیاتر لە 24 هەزار کەسیان دوایین مووچە وەریانگرتبێت مانگی 11ـی ساڵی رابردوو بووە".
 
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا خانەنشینان پێویستیی بە پەلەیان بە مووچەکانیانە و داوایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەکانیان خێراتر بکات، چونکە ئەوانیش ماڵ و منداڵیان هەیە و بەمشێوەیە بەردەوام بێت، زۆرینەیان تاوەکو چەند مانگێکی دیکەش ناتوانن مووچەکانیان وەربگرن.
 
بۆچی مامەڵەی خانەنشینان خاو بەڕێوەدەچێت؟
 
لەبارەی هۆکاری خاوبەڕێوەچوونی مامەڵەی خانەنشینانیش، سادق شێخ عوسمان گوتی: "ئێستا دەبێت هەموو مامەڵەیەکی خانەنشینان ببرێتەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، ئەوەش بارگرانیی زۆری دروستکردووە و بووەتە هۆکاری دواکەوتنی مامەڵەکان".
 
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان باسی لەوەشکرد، داوایان کردووە، هەر پارێزگایەک لەنێوخۆدا مامەڵەکان تەواو بکات و پێویستی بە هەولێر نەبێت بۆ ئەوەی خێراتر کارەکان بەڕێوەبچێت. گوتیشی: "دەنگۆ هەیە وای لێبکرێت پێویستی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لە هەولێر نەبێت، بەڵام هێشتا نەبووەتە راستی".
 
سادق شێخ عوسمان دەشڵێت: "رۆتیناتی وەزارەتەکانیش هۆکارن بۆ دواخستنی مامەڵەی خانەنشینان. بۆ نموونە؛ وەزارەتی پەروەردە تاوەکو ئەمڕۆ خانەنشینانی لەدایکبووی 1964ـی وەرنەگرتووە، بەڵکو بەگوێرەی ساڵەکان و لە 1962ـەوە دەستیپێکردووە. هەروەها وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت دەبێت هەموو دۆسیەی خانەنشینان بچنەوە وەزارەتەکەی پاشان مامەڵەکەی بکات".
 
"تاوەکو ئەمڕۆ پارەی شەش مانگ پێکەوە بە کەس نەدراوە"
 
گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینان باسی لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو کرد و گوتی: "بەگوێرەی یاساکە دەبێت هەر فەرمانبەرێک خانەنشین دەکرێت مووچەی بنەڕەتیی شەش مانگی پێبدرێت، ئەوەش پێش مامەڵەی خانەنشینییەکەی، بۆ ئێستا زۆر زۆر پێویستە، چونکە خانەنشینان چەند مانگێکە مووچەیان وەرنەگرتووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو مووچەیەش بە کەس نەدراوە و ناشزانین هۆکارەکەی چییە".
 
سادق شێخ عوسمان داوایکرد، لە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان مووچەی بنەڕەتی شەش مانگی خانەنشینان پێش تەواوبوونی مامەڵەکانیان بدرێت.
 
بەگوێرەی یاسای خانەنشینی، ئەوانەی کاتێک مامەڵەکەنیان جێبەجێ دەکرێت هەموو ئەو مووچانە پێکەوە وەردەگرن کە وەریان نەگرتووە. سادق شێخ عوسمان گوتی: "مووچەی کەس نافەوتێت، ئەو ژمارەیەی مامەڵەکانیان تەواو کراوە مانگی سێ مووچەی مانگەکانی یەک و دووشیان پێکەوە وەرگرت".
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
 
ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگەکانی یەک و دوو سێ دابەشکراوە. بەڵام مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە، بۆ ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەغدا بە نەناردنی پارە تۆمەتبار دەکات و بەغداش رەتیدەکاتەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن، 164 هەزار خانەنشینی شارستانی و 148 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.