عێراق رسوومات دەخاتە سەر بەنزین و گەشتکردن بۆ دەرەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی رەشنووسی بودجەی گشتیی بۆ ساڵی 2023، عێراق پێنج جۆر رسووماتی نوێی دیاریکردووە، چواریان لەسەر سووتەمەنییە و بەتایبەت سووتەمەنی ئۆتۆمبێل، هەروەها بڕی 25 هەزار دیناریشی وەکو رسوومات لەسەر گەشتکردنی هاووڵاتییان بۆ دەرەوە دیاریکردووە. پەرلەمانتارێک دەڵێت، "رسووماتەکان زۆرن و کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت، بەڵام باشیش کۆناکرێنەوە."
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، بڕی 1 تریلیۆن و 799 ملیار و 187 ملیۆن و 961 هەزار دینار ئەو رسووماتەیە کە عێراق لە چوارچێوەی داهاتە نانەوتییەکان لەو ساڵەدا دەستی دەکەوێت، چوار جۆر لەو رسووماتە ئەوانەن کە لە سووتەمەنییەوە و بەڕێژەی جیا بەدەست دێت.
 
ماددەی 42ـی رەشنووسی یاسای بودجە پێنج جۆر رسووماتی نوێ بەڕێژەی جیاجیا دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- 5٪ـی داهاتی هەر لیترێک بەنزین
- 10٪ لە داهاتی فرۆشتنی هەر لیترێک گازوایل
- 1٪ لە داهاتی فرۆشتنی هەر لیترێک نەوتی رەش
- 15٪ لە داهاتی هاوردەکردنی هەر لیترێک سووتەمەنیی هاوردەکراو کە لە رێگەی بەنزینخانەکانەوە دەفرۆشرێت.
 
بڕی 25 هەزار دینار بۆ هەر کەسێک کە لە فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە گەشت بۆ دەرەوە دەکات، رێژەی 90٪ـی ئەو داهاتانە بۆ گەنجینەی گشتی و رێژەی 10٪ـی بۆ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی دەبێت و بۆ گەشەپێدانی فڕۆکەخانەکان بەکاردەهێنرێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 6-4-2023، دوعا عوقابی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رسووماتەکان لەنێو رەشنووسی بودجە بۆ ئەمساڵ زیادیکردووە، بەڵام رەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ قورسکردنی بژێویی خەڵک، بەتایبەت سووتەمەنی کە پەیوەندیی بە ژیانی رۆژانەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر داهاتەکان بەباشی کۆبکرێنەوە زۆر دەبێت، بەڵام لە عێراق کێشەی کۆکردنەوەی داهات هەیە."
 
شەوی چوارشەممە، 5-4-2023، پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023 کرد کە بۆ سێ ساڵە، 2023، 2024 و 2025.
 
لەدواى خوێندنەوەى یەکەم؛ لیژنە تایبەتمەندەکانى پەرلەمانى عێراق تاوتوێى پڕۆژەیاساکە دەکەن و راپۆرت لەبارەیەوە ئامادە دەکەن بۆ خوێندنەوەى دووەم کە قۆناخى بەر لە پەسەندکردنێتى لە رێگەى دەنگدانەوە.
 
نەبیل مەرسوومی، مامۆستا لە زانکۆی بەسرە و شارەزای ئابووری بە رووداوی گوت، "ئەو رسووماتانە لە داهاتەکانی عێراق نزیکەی 600 ملیار دینار دەستدەخات، ئەو بڕەش کەمە، پێشتر باجی سەر کارتی مۆبایل هەڵگیرا و حکومەت نزیکەی یەک ملیار دۆلاری ساڵانە زیانی پێگەیشت، بەڵام ئەو باجانەی کە بڕیارە بسەپێندرێن ژیانی خەڵک قورس دەکەن."
 
پڕۆژەىیاساى بودجەى گشتیى 2023ـی عێراق کە بۆ ماوەى سێ ساڵە، قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە، پشکى هەرێمى کوردستان تیایدا بە رێژەی 12.6٪ـی کۆی بودجەکە دیاریکراوە کە دوای جیاکردنەوەى خەرجییەکانی سیادی و حاکیمە و گەشەپێدانی هەرێمەکان، زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار  و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە.