حکومەتی عێراق لە رەمەزاندا رێگە بە هاوردەکردنی تەماتە و گۆشتی مریشک دەدات

رووداو ديجيتاڵ
 
وەزیری کشتوکاڵی عێراق، رایگەیاند ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ دابەزاندنی نرخ و کەمکردنەوەی بارگرانیی بەکاربەر بڕیاریداوە لە مانگی رەمەزاندا رێگە بە هاوردەکردنی 50 هەزار تۆن تەماتە و 50 هەزار تۆن  مریشکی بەستوو بدات.
 
محەمەد کەریم خەفاجی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق رۆژی سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بۆشاییەک لە بەرهەمی تەماتە لە ماوەی نێوان 15ی ئادار تاوەکو 1ی ئایار هەیە و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمیی بەرهەمەکە لە بازاڕدا".
 
خەفاجی ئاماژەی بەوەداوە کارکردنی بەرپرسانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی کشتوکاڵ و یاسای پاراستنی بەکاربەر لە پرۆسەی راگرتنی هاوسەنگیی نرخ بەردەوامە، وونیکردووەتەوە "سەرۆکوەزیران لیژنەیەکی باڵای لە هەردوو وەزیری کشتوکاڵ و بازرگانی و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەری تاوانی ئابووری پێکهێناوە، بە مەبەستی بەدواداچوونی نرخی خۆراک، بە تایبەتی لە مانگی رەمەزاندا".
 
قەدەخەکردنی هاوردەکردنی مریشک و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بە جۆرێک ئێستا نرخی یەک کیلۆ مریشک لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 4000 دینار و لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بووەتە 4500 دینار.
 
زیاتر لە مانگێکە حکومەتی عێراق رێگری لە هاوردەکردنی 23 جۆر خۆراک، لەوانە مریشک، کردووە و بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی دۆزینەوەی هاوسەنگیی بازاڕدان.
 
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەر هێڵین، هەفتەی رابردوو شاندێکی باڵایان لە هەرێمی کوردستان بوون بۆ ئەوەی بتوانین ئەو هەماهەنگی و هاوکارییانە لەنێوانمان بەردەوامبێت و بتوانین جۆرێک لە سەقامگیری بۆ کەرتی پەلەوەر دروستبکەین لە هەرێمی کوردستان".
 
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 626 پەلەوەرخانەی مۆڵەتدار و 500ی بێ مۆڵەت هەن؛ ساڵانە 170 هەزار تۆن مریشک بەرهەمدێنن، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە 147 هەزار تۆن مریشکە، بەڵام نەبوونی چاودێریی پێویست لەسەر خواست و خستنەڕوو وایکردووە نە خاوەن پەلەوەرخانەکان سوودمەندبن، نە کڕیاران.