قوباد تاڵەبانی باسی رێگەی نوێی دابەشكردنی مووچە دەكات

رووداو- هەولێر

حكومەتی هەرێمی كوردستان خەریكی گۆڕینی سیستەمی دابەشكردنی مووچەیە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت دەڵێت دەستیان بە جێبەجێكردنی  قۆناخی یەکەمی بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمەكە کردووە و، بەتەواوبوونی وەرگرتنی دوو مووچە نامێنێت.

شێوازی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردادێت و لەمەودوا لەڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی دابەش دەكرێت، بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستەمەكە بە دوو قۆناخ جێبەجێ دەكرێت و پێویستی بە كارتی ئەلیكترۆنی دەبێت، واتە سەرجەم فەرمانبەران كارتەكەیان هەبێت، دواتر بەستنەوەی سیستەمە بە بانكەكانەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕیارەكەمان داوە و ئایندەمان روونە، قۆناخی یەكەم تۆماركردنی ناوی یەك ملیۆن و 400 هەزار مووچەخۆر دەبێت و كارتی ئەلیكترۆنییان بۆ دروست دەكرێت، قۆناخی "دووەمیش بەستنەوەی سیستەمەكە دەبێت بە بانكەكان.

جێگری سەرۆكی حكومەت جەختیكردەوە، پڕۆژكەیان بۆ چەسپاندنی یەكسانی، نەهێشتنی گەندەڵی، بنبڕكردنی سیستەمی دوو مووچەیی و، بڕینی مووچەی ئەو كەسانەیە بە نایاسایی مووچە وەردەگرن یان شایەنی ئەو مووچەیە نین.

لەبارەی گۆڕانكارییەكانی حكومەتی بەغدا و پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند " بەمزووانە دەچینە بەغدا و سەردانمان بۆ بەغدا ئاساییە، هیوادارین رۆژێک بێت سەردانمان بۆ بەغدا نەبێتە هەواڵ". هیواشی خواست ئارامی سیاسی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە.