رووداو دیجیتاڵ
نەبوونی گەرەنتى لە نێوان کۆمپانیاکانى نەوت و حکومەتى فیدراڵ، هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانى دواخستووە. چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان هەولێر و بەغدا و گرووپێک لە کۆمپانیاکان بکرێت.
تائێستا چەند جارێک وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، "بەمزووانە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە."
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئادار مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەبوونی رێککەوتنی فەرمی لەگەڵ حکومەتی عێراق، هۆکاری ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێنەکردووەتەوە."
هەرچەندە بڕیار بوو رۆژی چواری ئادار کۆبوونەوەی سێقۆڵی هەریەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و گرووپی کۆمپانیاکان بخرێ، بەڵام نەکرا و چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ کۆببنەوە.
ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN Energyـی ئەمریکی رایگەیاند: "چاوەڕێ دەکەین لە هەرێمی کوردستانەوە پارەکانمان وەربگرین بەپێی هەموارکردنەوەی بودجە. بەڵام دەبێت رێککەوتن هەبێت لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاشان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان لەسەر چۆنیەتیی ئەم پارەدانە".
هەموارى یاساى بوجەى گشتى کە مانگی رابردوو هەموار کرایەوە، بە کاتى 16 دۆلارى بۆ بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە.
دەبێت لە 60 رۆژى دواى کارابوونى هەموارەکە هەولێر و بەغدا لەسەر لایەنێکى راوێژکارى رێکبکەون. ئەو لایەنە راوێژکارییە نرخى خەمڵێندراوى بەرهەمهێنانى نەوت بۆ هەر کێڵگەیەکى نەوتى هەرێمى کوردستان بە جیا دیاری دەکات.
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN Energyـی ئەمریکی باس لەوەش دەکات: "ئێمە پێشنیازی راوێژکاری تەکنیکیی نێودەوڵەتیی جێی متمانەمان کردووە. یەکێک لەو شتانەی پێمان گرنگە ئەوەیە کە تێبگەن گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنان و قازانج چۆنە، راوێژکارێک کە شارەزایی و ئەزموونی هەبێت لەگەڵ ئەم جۆرە گرێبەستانە".
بە گوێرەى رێککەوتنى بەرایی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرەتا رۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەى بەندەرى جەیهان هەناردە دەکرێت تاوەکو دەگاتە سەروو 300 هەزار بەرمیل.
کۆمپانیاکانى نەوت بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردە، گەرەنتى بەردەوامى شایستە داراییەکانیان دەوێت.
بڕیارە 6ى ئادار جارێکى دیکە نوێنەرانى وەزارەتى نەوت و سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان و نوێنەرى کۆمپانیاکانى نەوت بۆ پرسى هەناردەکردنەوەى نەوت کۆببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ