وەزارەتی بازرگانی: لە مانگی رەمەزاندا دوو بەشەخۆراک دابەشدەکرێن

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە مانگی رەمەزاندا دوو بەشەخۆراک دەدرێتە هاووڵاتییان. وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "بەشەخۆراکەکە لە هەرێمی کوردستانیش دابەشدەکرێ".
 
ئەمڕۆ یەكشەممە 06-03-2022 عەلا جبووری، وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزانەوە، دوو بەشە خۆراك دابەش دەكەین و گوتیشی "ئەو هەنگاوە بۆ رێگریكردنە لە گرانبوونی خۆراك لە بازاڕەكان".
 
هاوکات نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، پێش رەمەزان سەبەتەیەکی خۆراک بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەشدەکرێت و لە ناوەڕاستی مانگی رەمەزانیشدا سەبەتەیەکی دیکە دابەشدەکرێت".
 
سەبەتە خۆراکەکان پێکهاتوون لە برنج، فاسۆلیا، زەیت، شەکر، نیسک و دۆشاوی تەماتە. نەوزاد شێخ کامیل گوتی:"بەشێکی سەبەتەی یەکەم گەیشتووە و لەم رۆژانەدا هەمووی دەگات و دەست بە دابەشکردنی دەکەین".