عێراق سیستمێکی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگارەبوونەوەی شوشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر جێبەجێ دەکات

06-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی شوشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئەلیکترۆنی کردووە، شارەزایەکی ئابووریش دەڵێت، "هێشتا عێراق بەتەواوەتی ئەو بوارەی کۆنتڕۆڵ نەکردووە، ئەو هەنگاوانە کاریگەرییان دەبێت." 
 
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت لەبارەی پشتبەستن بە سیستەمی ئەلیکترۆنی لەسەرجەم مامەڵەکانی حکومەت، دیوانی دڵنیایی دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی پارە و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئەلیکترۆنی."
 
وەزارەتەکە دەڵێت: "ئەو بڕیارە بە پشتی بەستن بە پێداویستییەکانی بانکی ناوەندی و نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی شوشتنەوەی پارە و وەکو پابەندبوون بە راسپاردەکانی کۆمەڵەی سیستەمی کاری دارایی" FATF" و  لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی حکومەت بۆ خێراکردنی چاکسازییە ئابووری و بانکییەکان، دەرکراوە."
 
وەزارەتی دارایی باسی لەوەشکردووە دیوانی دڵنیایی رایگەیاندووە هەموو کۆمپانیاکانی دڵنیایی گشتی و تایبەت بە پڕۆژەی جێبەجێکردنی سیستەمی بەرنگاربوونەوەی شوشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر"AML" و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئەلیکترۆنیی Go AmL بەستراونەتەوە.
 
ئەحمەد روبەیعی، شارەزای ئابووری، لەبارەی سیستەمەکەوە دەڵێت: "رێگرییەکی باشە لە بابەتی شووشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، چونکە لەرێگەی ئەو سیستەمەوە دەتواندرێت بە ئاسانی بگاتە هەموو زانیارییەکانی تایبەت بە تیرۆر و رێکخراوەکان و سەرچاوە داراییەکانیان و وەرگرتنی زانیاریی ورد لەبارەیانەوە بۆ بلۆککردنیان."
 
ئەحمەد روبەیعی، گوتیشی: "لەو سیستەمە نێودەوڵەتییەدا هاوئاهەنگی کردن لەنێوان حکومەتەکان و دەزگا دارایی و هەواڵگرییەکان تۆکمەترە و هەمووی لەپێناو رێگەگرتنە لە خراپ بەکارهێنانی دارایی و پارەیە لە وڵات و عێراق نووسینگەیەکی تایبەتی بۆ ئەو بابەتە هەیە."
 
سیستەمی بەرنگاربوونەوەی شوشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر"AML" و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئەلیکترۆنیی Go AmL، لەلایەن نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و تاوان ناسراو بە" UNODC "ـەوە پەرەیپێدراوە بۆ ئەوەی لەلایەن یەکە هەواڵگرییەکانی داراییەوە بەکاربهێندرێت، لەوانە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی شوشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆری عێراق بەمەبەستی کۆکردنەوەی داتاکان و بەڕێوەبردن و شیکردنەوەیان و بەڕێوەبردنی بەڵگەنامەکان و رێڕەوی کار و پێداویستییەکانی دیکەی ئامار.
 
سیستەمەکە بۆ وەرگرتن و چارەسەرکردن و شیکردنەوەی ئەو راپۆرتانەیە کە لەلایەن دامەزراوە داراییەکان و دامەزراوەکانی دیکەوە بەپێی یاسا و لیستی بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی پارە و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئامادەکراوە.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە