وەزیری دارایی: لەگەڵ بەغدا لێکتێگەیشتن کراوە کە لیژنەیەک چاودێریی فرۆشتن و داهاتی نەوت بکات

06-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق، لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا 30 جار شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە. دەشڵێت، "دوای دانوستاندنێکی زۆر گەیشتووین بە رێککەوتن لەبارەی بودجە، نەوت و ماددەی 140ـی دەستووری عێراق."
 
رۆژی دووشەممە 6-2-2023، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کلاوس شتڕایشەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک زانیاریی لەبارەی گفتوگۆکانەوە لەگەڵ بەغدا ئاشکراکرد. 
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب تیشکی خستەسەر دوایین هەوڵەکانیان بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق و گوتوویەتی، لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە بڕوایان بەوە هەبووە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن، لەو پێناوەشدا زیاتر لە 30 جار سەردانی بەغدایان کردووە و دوای دانوستانێکی دوور و درێژ گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر بودجە، نەوت و ماددەی 140ـی دەستوور. 
 
وەزیری دارایی و ئابووری بە کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیای گوتووە: "شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشانداوە بۆ وردبینی لە سەرجەم داتا و زانیاری و دۆسیەکانی تایبەت بە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و چەند جارێکیش شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و هاوکاری تەواو کراون. هەروەها لێکتێگەیشتنی تەواوکراوە کە لە رێگەی لیژنەی هاوبەشەوە چاودێری و سەرپەرشتی پڕۆسەی دەرهێنان و فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت." 
 
ئاوات شێخ جەناب بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندییەوە رایگەیاندووە: "بەلامانەوە گرنگە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەیاسا رێکبخرێت و دادگەیەکی بێلایەنی تایبەتمەند هەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیە هەڵپەسێردراوانەی لە نێوان هەردوولا هەن." 
 
لەو کۆبوونەوەیەدا کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان گوتوویەتی، جێی خۆشحاڵییە بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە و ئەوانیش هاوکار و پشتیوان دەبن بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنیاتنەرانە. 
 
کلاوس شتڕایشەر ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، هەمان پەیامیان بە حکومەتی عێراق گەیاندووە کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگەنە رێککەوتن، لەو رووەشەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق "جیدی"یە لە چارەسەری کێشەکان؛ هاوکات ئامادەیی ئەڵمانیاشی بۆ هەموو هاوکاری و پشتیوانییەک دووپاتکردەوە.
 
ئەو قسانەی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لەکاتێدا دێت بەغدا لە رێگەی ژمارەیەک بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە گەمارۆکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە و لە 15ـی شوباتی ساڵی 2022 دادگەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەرکرد و هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەر چوار سەرۆکایەتییەکە بڕیارەکەیان رەتکردەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە