لێژنەی دارایی: تاوەکو بودجەی عێراق پەسندنەکرێت، حکومەت رەشنووسی بودجە نانێرێتە پەرلەمان

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیاردەری لێژنەی دارایی و کاروباری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ رەشنووسێکی بودجەی ساڵی 2022 نانێرێتە پەرلەمان تاوەکو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەشنووسی یاسای بوودجەی عێراق پەسەندنەکات و گەرەنتی بۆ بوودجەی هەریمی کوردستان نەبێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە. 6ی شوباتی 2022، محەممەد سەعدەدەین، بڕیاردەری لێژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2022ی هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا بەرچاوی روون نییە و چاوەڕوانی پەسندکردنی رەشنووسی یاسای بوودجەی عێراقە بۆ ئەوەی رەشنووسی بوودجەی هەرێمی کوردستان رەوانەی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی پەسند بکرێت".
 
محەممەد سەعدەدەین گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئامادەکردنی دوو رەشنووسی بودجە دەکات، یەکێکیان بە پشتبەستن بەداهاتەکانی خۆی، داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی نێوخۆ، هەروەها یەکێکی دیکە بەپشت بەستن بەداهاتەکان و ئەو بڕە پارەیەشی کە لەبەغداوە بۆی دەنێردرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی یەکلایی نەبووەتەوە پشت بەکامیان دەبەسترێت، هیچیان رەوانەی پەرلەمان ناکات".
 
بڕیاردەری لێژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی بوونی گەرەنتی بۆ ئەو بڕە پارەیەی ئێستا حکومەتی عێراق مانگانە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت و بڕەکەی 200 ملیار دینارە، گوتی: "دەبێت ئەو بودجەیەی بەغدا دەینێرێت گەرەنتی بێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیابێت لە بڕەکەی و گەیشتنی، دواتر بڕیار دەدات رەشنووسی بودجەی خۆی بنێرێت".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان قۆناخی قەیرانی دارایی تێپەڕاندووە، بە تایبەتی لەدوای زیادبوونی داهاتەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، محەممەد سەعدەدەین، دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان گرفتی دارایی ماوە، کە پەیوەندییان بە دابەشکردنی مووچە و گرفتی کۆکردنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانە، بەڵام قەیرانی دارایی تێپەڕاندووە، ئەوەش بەهۆی یاسای چاکسازی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان و هەروەها زیادبوونی داهاتەکانی نێوخۆ".
 
ئەو قسانەی بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە نرخی نەوت گەیشتووەتە 93 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و داهاتەکانی نێوخۆ زیادیان کردووە و حکومەتی عێراقیش لەناردنی بڕی 200 ملیار دیناری مانگانە بەردەوامە.
 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک رەشنووسی بودجەی ساڵی داهاتوو بینێرێتە پەرلەمان، بەڵام ئێستا زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیوە و رەشنووسەکە نەگەیشتووەتە پەرلەمان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاساوی شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت، لە ساڵی 2014ەوە پرۆژەیاسای بودجەی نەناردووەتە پەرلەمان.